رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەهای دینار لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی قەدەخەکردنی مامەڵەکردنی 14 بانکی عێراقییە بە دۆلارەوە. دەشڵێت، ژمارەی ئەو بانکانەی قەدەخەکراون، یەک لەسەر سێی ژمارەی بانکەکان پێکدەهێنن.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوو بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزی، هۆکاری سەرەکیی بەهۆی لێکەوتەی بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردنی 14 بانکی عێراقییە لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام راستییەکەی ئەو بانکانە لەبنەچەدا لەگەڵ سەکۆی ئەلیکترۆنی مامەڵە ناکەن، بەڵام ئیدی ئەوە کاردانەوەی بازاڕە بەسەر بەهای دینارەوە."
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "جیاوازیی بەهای دۆلار پەیوەندیی بە ستراتیژییەتی جێبەجێکردنی سەکۆی ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنەوەکانییەوە هەیە، بڕیاری بێبەشکردنی ئەو بانکانە ئاماژەیەکە بۆ تووندترکردنی دۆخەکە و رێکارەکان و شەپۆلێک لە دابەزینی بەهای دینار دروستدەکات، بەڵام کاتییە، چونکە دواتر کڕیاران روو لە بانکەکانی دیکە دەکەن."
سەبارەت بە خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی و کاریگەریی لەسەر بەهای دینار، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "رۆژانە بانکی ناوەندیی عێراق لەنێوان 180 بۆ 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، ئەوەش بڕێکی باشە بۆ مامەڵەی نێوخۆیی و پارەدارکردنی بازرگانی و سەپاندنی سەقامگیری."
رۆژی چوارشەممە، 19-7-2023، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاند کە بۆی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون.
رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023، بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی گشتاندنی بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراو و دامەزراوە دارایییە نابانکییەکان کردووە؛ تێیدا دەڵێت، بڕیاردراوە ئەو بانکانەی ناویان لە خوارەوە هاتووە، نابێت لە رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023ـەوە بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. قەدەخەکردنی مامەڵەی ئەو بانکە عێراقییانەش بە دۆلار بەهۆی وردبینی بووە لە حەواڵەی بانکیی بانکەکانی ساڵی رابردوو.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو بانکانەی کە مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەخە کراوە، بەوپەڕی ئازادییەوە دەتوانن مامەڵە بە دینار بکەن و لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی سیستمی بانکیی عێراقی سوودمەندن، لەگەڵ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەتوانن مامەڵە بە دراوی دیکە بکەن، جگە لە دۆلار.
بانکەکان بریتین لە:
1- بانکی راوێژکاریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
2- بانکی قرتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
3- بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
4- بانکی ئیلافی ئیسلامی
5- بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
6- بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
7- بانکی عەبرە عێراق بۆ وەبەرهێنان
8- بانکی موسڵ بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان
9- بانکی راجحی ئیسلامی
10- بانکی سۆمەری بازرگانی
11- بانکی متمانەی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
12- بانکی دارایی ئیسلامی
13- بانکی (العالم الاسلامی) بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
14- بانکی زینی عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
رۆژی 6-11-2022، بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلاری بە چوار بانک راگرت بە پاساوی" وردبینی"، بانکەکانیش بریتی بوون لە: "بانکی ئەنساریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی قابزی ئیسلامی بۆ پارەدارکردن و وەبەرهێنان، بانکی ئاسیای عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەبەرهێنان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ