رووداو دیجیتاڵ
عەلی تەیار خاوەنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیکی سەوزی وشککراوە لە هەولێر، کارگەکە چیرۆکی شکستێکی سەختی هەیە، بەڵام بە هاوکاریی پڕۆژەیەکی حکومەت، هەستانەوە و سەرکەوتنی تۆمارکردووە.
ئەو باوکە لە ساڵی 2020 کارگەکەی بۆ خۆی و چوار کوڕەکەی دامەزراند، بەڵام لە ساڵی 2023 کارگەکە ئاگری گرت و زیانی دوو ملیۆن دۆلاری لە عەلی دا. دوای ئەو رووداوە، زۆر سەخت بوو کارگەکە بکەوێتەوە سەرپێ، بەڵام پڕۆژەی گەشانەوە کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا، بووە فریادڕەس و 150 ملیۆن دیناری وەک قەرز بەو خاوەن کارە دا.
ئێستا کارگەکە رۆژانە 20 تاوەکو 25 تۆن ئالیک لە 12 ماددەی جیاواز بەرهەم دەهێنێت. تەنانەت بەرهەمیان هەناردەی کوێتیش کردووە.
عەلی تەیار بە رووداوی راگەیاند: "بەڕاستی گەشانەوە تەنیا بابەتە مادییەکە نەبوو، لە رووی مەعنەویشەوە هەم بە تەکنیکی یارمەتیداین هەم لە بە بازاڕکردنیش، توانیمان لە بازاڕ جێگەی خۆمان بکەینەوە، حکومەت هیچ زەرەر ناکات بەو پاڵپشتییە، دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین بۆ ئەو جۆرە پاڵپشتییانە، هیوادارم بەردەوام بێت، داواکاریشم ئەوەیە، ئەم جارە پشت بە خودا پاڵپشتییەکە رووی لە دێهاتەکان بێت، زیاتر دێهاتەکان ئاوەدان ببنەوە."
سەردانی کارگەیەکی دیکەم کرد، لەوێ 70 جۆری زەیت بەرهەم دەهێندرێت. کارگەکە لە جەرگەی هەولێرە و گەنجێک بە ناوی محەممەد رۆستەم لە ساڵی 2019 دایمەزراندووە.
محەممەد بە وەرگرتنی 143 ملیۆن دینار قەرز لە پڕۆژەی گەشانەوە، توانیویەتی جگە لە کڕینی چەند ئامێرێک بۆ کارگەکەی، سیستمی کارەبا بە تیشکی خۆریش بۆ کارگەکەی دابین بکات، ئێستا ئەو کارگەیە رۆژانە 100 ئەمپێر کارەبای تەنیا بە تیشکی خۆر هەیە.
خاوەنی کارگەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر ئەم پاڵپشتییانە زیاتر بێت، هاندان زیاتر دەبێت، بەڵام هیوادارم ئاسانکاریی زیاتر بێت، بۆ نموونە هەندێک بزنس هەیە پێویستی بە پارەی زیاترە، هەندێک بزنس هەیە پێویستی بە کاتی زیاترە. ئەو قەرزانە بۆ نموونە درێژتر بکرێنەوە، چونکە ماوەکەی بەڕاستی کەمە، دۆخی دارایی وڵاتەکەمان بە شێوازێکە ئێستا زۆر لەبار نییە تۆ بتوانی یەکسەر قازانجی لێدەرکەیتەوە و یەکسەر ئەو مایەیەی پێ دەربکەیتەوە."
جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشانەوە لەژێر چاودێریی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە و، پارەکەی بانکێکی تایبەت دابینی دەکات.
لە قۆناخی یەکەم 25 بزنس توانییان پاڵپشتیی دارایی وەربگرن، ئەو بڕە پارەیەی کە وەریان گرتووە وەک قەرزە و لە دوای شەش مانگ لە وەرگرتنی پارەکە، دەبێت دەست بە گەڕاندنەوەی قەرزەکە بکەن و لە 30 مانگدا تەواوی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ