prev
next
رووداو دیجیتاڵ
رێژەی 34%ـی کۆمپانیاکان لە هەرێمى کوردستان، کەرکووک و نەینەوا لە پلانى ساڵى 2025 دا کارمەندى نوێ وەردەگرن، 80%ـی خاوەن کار و کۆمپانیاکان، نیازیان نییە مووچەی کارمەندەکانیان زیادبکەن.
ئەو پێشبینیانە بەگوێرەى راپۆرتێکە لەسەر بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە لە لایەن کۆمپانیای "M select" ئامادەکراوە.
بەپێی راپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێت ساڵی 2025، تەنیا 34%ـی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان پلانیان هەبێت بۆ وەرگرتنی کارمەندی نوێ، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى دەرفەتی بەدەستهێنانی هەلی کار بەراورد بە شارەکانى نێوەڕاست و باشووری عێراق کەمترە، کە دەگاتە 40%.
شوان حەمید باتاسی، سەرۆکى یەکێتیی خاوەنکارانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پلانى کۆمپانیا و خاوەنکاران بۆ ساڵى نوێ لە دواى مانگى نیسان دەردەکەوێت، پاش پاکتاوکردنى ژمێرەى داراییان.
شوان حەمید باتاسی گوتى، "ئەگەر هەیە یەکێک لە هۆکارەکانى پێشبینى بۆ کەمکردنەوەى برەودان بە کار لە هەرێمی کوردستان، پەیوەست بێت بە ترس لە دۆخى عێراق و لەسایەی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکە دا هەن."
لەسەر ئاستی کۆی کەرتەکان و کۆی ناوچەکانی عێراق، چاوەڕێ دەکرێت 7%ـی خاوەنکار و کۆمپانیاکان، ژمارەی کارمەندەکانیان کەمبکەنەوە، 25%ـیان گۆڕانکاری لە ژمارەی کارمەندەکانیاندا ناکەن، 35%ـیشیان نیازیان هەیە کارمەندی نوێ بهێنن.
بەگوێرەى رووپێویى کۆمەڵایەتى و ئابووریى خێزانەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان کە 26ـی شوباتى 2025 لەلایەن وەزارەتى پلاندانانى عێراق بڵاوکرایەوە، 17.5%ـی هاووڵاتییان لەژێر هێڵى هەژاریدان، بەوپێیە بە نزیکەی لە هەر 5 کەسێک، یەکێکیان لەژێر ئەو هێڵەوەیە.
راپۆرتەکەى کۆمپانیای "M select" کە بانگەشەى ئەوە دەکات نزیکەی 20 ساڵە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە بواری بازاڕدا راوێژ بە کۆمپانیاکان دەدات، رایگەیاندووە، ئەو کەرتانەی چاوەڕێ دەکرێت کەمترین کارمەند دابمەزرێنن، بریتین لە کەرتەکانى بانک، بیناسازی، رێکخراوە ناحکومییەکان، 80%ـی خاوەنکار و کۆمپانیاکان نیازییان نییە مووچەی کارمەندەکانیان زیادبکەن و 2% نیازی کەمکردنەوەی مووچەیان هەیە.
سەرۆکى خاوەنکارانى کوردستان دەڵێت، "یەکێک لەو هۆکارانەى رۆڵى دەبێت لە گەشەى ئابووریی خاوەنکار لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان، ناردنى بەرهەمەکانیانە بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، کە ئێستا حکومەتى فیدراڵى رێگرى لێدەکات، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، دۆخەکە گۆڕانکاریی تێدا روودەدات".
بەگوێرەى راپۆرتەکە، 72%ـی کارمەندانی هەرێمی کوردستان و عێراق مووچەکانیان بە کاش وەردەگرن و ئەوانى دیکە لەرێگەى بانک، 64%ـی کارمەندی کۆمپانیاکان مووچە بە دینار و 36%ـیان بە دۆلار وەردەگرن.
رووپێویى کۆمەڵایەتى و ئابووریى خێزانەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەریخستووە؛ بەرزترین بڕى خەرجیى ناوەندى مانگانەى تاک لە مانگێکدا لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانە، کە 329 هەزار دینارە، نەینەوا لە پلەى دووەم دێت بە 320 هەزار دینار، سلێمانى لە ریزبەندیی سێیەمە بە 308 هەزار دینار.
زیاتر لە سێیەکی کارمەندەکان، نە مووچەکانیان زیاد دەکرێت و نە پاداشت وەردەگرن.
76٪ـی خاوەن کار و کۆمپانیاکان هیچ پاداشتێک بە کارمەندەکانیان نادەن، پاداشت بریتییە لە پارە، خەڵات یان تایبەتمەندیێکی دیاریکراو کە کارمەند لەبەرامبەر کارێکی باش یان داهێنانێک یان لەبەر بۆنەیەکی تایبەت وەریدەگرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە؛ گرنگترین توانای پێویست لە بازاڕی کاردا، ئەندازیارییە. خاوەنکاران بە شێوەیەکی بەرفراوان توانا و کارامەیی ئەندازیارییان وەکو زۆرترین توانا و کارامەیی داواکراو لەسەر ئاستی عێراق دەستنیشان کردووە، دواتر توانای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی پرۆژە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەسەدا 67 کارمەندانی کۆمپانیاکان نیازی خۆبەرەوپێشبردنییان هەیە لە ساڵی 2025 ـدا، 33٪ـیشیان نیاز و پلانی لەمشێوەیان نییە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، 77٪ـی کارمەندەکان لە نووسینگە کاردەکەن، 7٪ لە ماڵ و رێژەی 16٪ـشیان کاری تێکەڵاوییان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ