رووداو دیجیتاڵ
عێراق پلانێک دەداتە رێکخراوى ئۆپێک بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوتەى لە مانگەکانى سەرەتاى ئەم ساڵدا رۆژانە بەرهەمى هێناوە و لەو ئاستە زیاتر بووە کە لەگەڵ رێکخراوەکە رێککەوتن لە بارەیەوە کراوە. دەبێت عێراق ئەو بڕە نەوتە زیادەیە تاوەکو مانگى ئەیلوولی 2025 بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان قەرەبوو بکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 22-08-2024، وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەى پابەندبوون بە بڕیارەکانى گرووپى ئۆپێک پڵەس بۆ سەقامگیریی بازاڕى جیهانیى نەوت، جەخت لە پابەندبوون بە کەمکردنەوەى خۆویستانەى بەرهەمهێنانی نەوت دەکەنەوە کە پێشتر رێککەوتن لە بارەیەوە کراوە.
وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت، هەنگاوى راستەقینەى ناوە بۆ کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەى ئەو بڕە نەوتەى کە لە مانگەکانى رابردوو لە ئاستى بەرهەمهێنان تێپەڕی کردووە.
عێراق رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لەو نەوتەى بەرهەمى دەهێنێت، هەناردەی دەکات، بە گوێرەى یاسای بودجە، دەبێت رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل هەناردە بکات، بەڵام رێککەوتنى لەگەڵ ئۆپێک وایە کە بەرهەمهێنانى نەوتەکەى چوار ملیۆن بەرمیلى رۆژانە تێپەڕ نەکات.
وەزارەتى نەوت رایگەیاندووە، پلانێکى داوەتە ئەمیندارێتى رێکخراوى ئۆپێک لەبارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو نەوتەى لە چەند مانگى رابردوودا زیاتر بووە لەو ئاستەى کە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
وەزارەتى نەوتى عێراق بە رێککەوتن لەگەڵ گرووپى ئۆپێک پڵەس، بەرهەمهێنانى رۆژانەى نەوتى بە بڕى 220 هەزار بەرمیل کەمکردووەتەوە.
ئەمیندارێتیى رێکخراوى ئۆپێک رایگەیاند: پلانى قەرەبووکردنەوەى زیادەى بەرهەمهێنانى نەوتى لە عێراق و کازاغستانەوە پێگەیشتووە، کە دەیانەوێت تاوەکو مانگى ئەیلوولى 2025 ئەو قەرەبووە بکەنەوە.
بە گوێرەى ئەمیندارێتیی گشتیى رێکخراوەکە، لەنێوان مانگى کانوونى دووەم تاوەکو حوزەیرانى 2024، بڕى زیادەى نەوتى بەرهەمهێندراوى عێراق رۆژانە 1.4 ملیۆن بەرمیل بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ