ئەنجوومەنی زێڕنگرانی سلێمانی: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی مامەڵەکردن بە زێڕ 70% کەمیکردووە

22-03-2025
پەیمان محەممەد
زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی زێڕنگرانی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، بازاڕی زێڕ زۆر کز بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، گەنج هەبووە کاتی مارەبڕین تەنیا ئەڵقەیەکی بۆ هاوژینەکەی کڕیوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 22-03-2025 دلێر تاهیر، سەرۆکی ئەنجوومەنی زێڕنگرانی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "ئێستا بەراورد بە پێشوو، بڕێکی کەمتر زێڕ هاوردەی سلێمانی دەکرێت. بازاڕ زۆر کز بووە."
 
دلێر تاهیر باسی لەوە کرد، "ئێستا خەڵک کەمدەرامەتە و توانای کڕینی زێڕی نییە؛ بۆیە هەست بە بێبازاڕییەکی تەواو لە شارەکە دەکرێت."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی زێڕنگرانی سلێمانی، "بازرگانی زێڕ هەیە جاران لە هەفتەیەکدا تۆنێک یان زیاتر زێڕی هاوردە دەکرد و لە دوو یان سێ رۆژدا دەیفرۆشت، بەڵام ئێستا نزیکەی سێ مانگە 20 کیلۆ زێڕی نەفرۆشتووە، واتە بازاڕی زێڕ 70% کەمیکردووە."
 
وەکو دلێر تاهیر گوتی، لە سلێمانی خواست زیاتر لەسەر زێڕی عەیار 21 و عەیار 18یە، کە "ئەمڕۆ نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بەبێ حەقدەست 422 دۆلار و زێڕی عەیار 18یش 362 دۆلارە."
 
"بۆ زێڕی تورکیا، حەقدەستی زیاتر لە کڕیاران وەردەگرین"
 
ئەو زێڕەی لە سلێمانی دەفرۆشرێت، زیاتر لە ئێران، دووبەی و تورکیاوە هاوردە دەکرێت.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی زێڕنگرانی سلێمانی گوتی، "لەگەڵ ئەوەی خواست لەسەر زێڕی تورکیا زۆرە، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، هێنانی زێڕ لەو وڵاتە زۆر قورس بووە و تێچووەکەی زیاتر بووە."
 
دلێر تاهیر ئەوەشی خستەڕوو، بۆ هێنانی زێڕ لە تورکیاوە، بازرگانان ناچارن لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی کەرکووک، بەغدا یان هەولێر هاتووچۆ بکەن، "بەڵام ئەو کات زێڕێکی زۆرمان پێ دەبێت و مەترسییە بە ئۆتۆمبێل بیگوێزینەوە بۆ سلێمانی یان پێچەوانەکەی. بۆیە هاوردەکردنی ئەو جۆرە زێڕە کەمبووەتەوە، لە بەرامبەردا ناچارین کاتی فرۆشتنی بە کڕیاران، حەقدەستی زیاتر وەربگرین."
 
"لە ساڵێکدا نرخی زێڕ سێ هێندە بەرزبووەتەوە"
 
وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی زێڕنگرانی سلێمانی دەڵێت، ساڵێک لەمەوپێش یەک کیلۆ زێڕی عەیار 24 بە 37 هەزار دۆلار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرا، "بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 96 هەزار و 600 دۆلار، واتە نزیکەی سێ هێندە بەرزبووەتەوە."
 
دلێر تاهیر باسی لەوە کرد، نرخی زێڕ هێشتا رووی لە بەرزییە و گوتی، "بۆیە مامەڵەی پێوە ناکرێت یان زۆر بە کەمی خواستی کڕیارانی لەسەرە."
 
"گەنج هەیە کاتی مارەبڕین لە ئەڵقە زیاتر زێڕ ناکرێت"
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێر کاریگەری لەسەر پێکهێنانی ژیانی هاوژینیش داناوە، وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی زێڕنگرانی سلێمانی دەڵێت، "گەنج هەبووە کاتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش تەنیا ئەڵقەیەکی بە زاوا کڕیوە. کچەکە گوتوویەتی زێڕی دیکەم ناوێ، لەبەر ئەوەی نرخی بەرزبووەتەوە."
 
بە گوتەی دلێر تاهیر، ئێستا خەڵک زیاتر 10 مسقاڵ زێڕ دەکڕن و "ئەگەر کەم دەرامەتیش بن، لەوانەیە کڕینی زێڕی مارەبڕین لە پێنج مسقاڵ تێنەپەڕێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە