رووداو دیجیتاڵ
نرخی گازی شل (LPG) کە بە گازی ماڵانیش دەناسرێ، لە هەرێمی کوردستان زیاتر دادەبەزێ و ئەمڕۆ لیتری 325 دینارە. لەبارەی نرخی بەنزینیشەوە پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بۆ دابەزینی نرخ هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە. بەرپرسێک لە سووتەمەنی سلێمانیش پلانی دابەزینی نرخی بەنزین دەخاتەڕوو.
لە 6ـی ئەم مانگەوە نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بەرزبووەتەوە؛ لیتری بۆ هەزار و 150 بۆ هەزار و 175 دینار. رۆژێک دواتر لە سلێمانی لیتری گەیشتە هەزار دینار و دواتر 50 دیناری دیکەی خرایە سەر و ئیستا هەزار و 50 دینارە.
هەوڵەکان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی بەنزین بە کۆ لیتری نزیکەی هەزار و 50 دینارە و جێگیرە، بەڵام گازی شل زیاتر دابەزیوە و دەبێتەهۆکاری دابەزینی نرخی بەنزینیش".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گەشبینە بە دابەزینی نرخی بەنزین و دەڵێ: "هەوڵ هەیە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین و دادەبەزێ، بەڵام بە پلە بەندی و کەمێک کاتی پێویستە".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەوڵی جیدی دەستیپێکردووە بۆ دابەزینی نرخی بەنزینی نۆرماڵ".
بەرپرسێکیش لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنزینی بازرگانی نرخی بەرزە و هەوڵ هەیە بۆ دابەزینی نرخەکە".
لەبارەی هەوڵەکانیشەوە ئەو بەرپرسە کە ئاگاداری دۆخەکەیە گوتی، هەوڵ هەیە بەنزین لە ئێران و پارێزگاکانی عێراقەوە هاوردە بکرێ، هەروەها داوا لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی بەنزینیش لە نێوخۆ بکرێ بۆ ئەوەی بەرهەمیان زیاد بکەن.
لە هەرێمی کوردستان بۆ هاوسەنگیی نرخ حکومەت بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکات، کە لیترێک نۆرماڵ بە 750 دینارە، بەڵام بۆ وەرگرتنی نۆرەی درێژ گیراوە و شۆفێر دەبێت زیاتر لە سێ کاژێر نۆرەی بۆ بگرێ.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، بەنزینی بازرگانیی موحەسەن و سوپەر لە هەرێمی کوردستان هەن؛ نرخی لیترێکیان لە هەزار و 300 دینارەوە دەستپێدەکات.
نرخی گازی شل زیاتر دابەزی
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ نرخی لیترێک گازی شل بە کۆ 325 دینارە، لە بەنزینخانەکان 25 بۆ 50 دینار زیاتر دەفرۆشرێ".
مانگی رابردوو نرخی لیترێک گازی شل نزیکەی هەزار دینار بوو، دواتر دابەزی بۆ 770 دینار و 22ـی ئەم مانگە دابەزی بۆ 475 دینار. جەنگی مەجید گوتی: "گاز ئێستا هێندە نرخەکەی دابەزیوە، پێش جەنگیش وانەبوو".
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، دابەزینی گازی شلیش هۆکارێک دەبێت بۆ دابەزینی نرخی بەنزین لە رۆژانی داهاتوو.
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، نرخی یەک لیتر گاز لە 450 دینارەوە بۆ ماوەیەک گەیشتە زیاتر لە دوو هەزار دینار.

.webp&w=3840&q=75)

