رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە، کیلۆیەک مریشکی زیندوو نزیکەی 650 دینار دابەزی. فرۆشیارێکی مریشک دەڵێ، خواستی کەم و وەرزی گەرما هۆکارە.
مەهدی محەممەد، مریشکفرۆش لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک مریشکی زیندوو دەدەینە سێ هەزار دینار".
دانا عەلی، مریشکفرۆش لە سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک مریشکی زیندوو ئەمڕۆبە دوو هەزار و 900 دینارە".
شەشی ئەم مانگە کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە سێ هەزار و 650 دینار بوو.
مەهدی محەممەد گوتی: "هۆکاری دابەزینی نرخ، کەمیی خواست و زۆریی بەرهەمە؛ هاتنی وەرزی گەرماش هۆکارێکە بۆ دابەزینی نرخەکە".
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە

.webp&w=3840&q=75)

