رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، یەدەگی زێڕی وڵاتەکەیان 10 تۆن زیادیکردووە و بە "وەبەرهێنانێکی ژیرانە"ش ناوی دەبات.
ئەمڕۆ شەممە 22ی ئاداری 2025 مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند, "بانکی ناوەندیی عێراق یەدەگی زێڕی خۆی بە قەبارەی 10 تۆن بەرز کردووەتەوە، بە جۆرێک یەدەگی زێڕ لە 152 تۆنەوە بۆ 162 تۆن زیادیکردووە."
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی, "بەرزبوونەوەی یەدەگی زێڕ بە وەبەرهێنانێکی ژیرانە لە کاتێکی زۆر گونجاودا دەزانم."
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهان و بەرزبوونەوەی یەدەگی زێڕی عێراق، مەزهەر محەممەد ساڵح گوتی، ئەوەی لە عێراق دەکرێت، "بڕیاری دروستە کە قازانجی نادیاری بەدیهێناوە، ئەوەش شتێکی باشە و بڕیارێکی دروستە لە کاتی گونجاودا دراوە."
ئۆنسەیەک زێڕ ئێستا بە 3023 دۆلارە
نرخی زێر رۆژی هەینی بە رێژەی 1% دابەزی و یەک ئۆنسەی بە 3023 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی، بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، دەگەڕێتەوە. سەرەڕای دابەزینی لە رۆژی هەینی، لە ئاستی هەفتانەدا نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
زێڕ کە بە یەکێک لەو سامانانە دەناسرێت کە لە کاتی مەترسییە جیۆسیاسییەکان وەبەرهێنەران رووی تێدەکەن، ئەم ساڵ 16 جار ئاستی مێژوویی لە بەرزبوونەوە تۆمار کردووە. رۆژی پێنجشەممەی رابردووش گەیشتە 3057 دۆلار کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ