رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت بەردەوام بوو لە دابەزین و نزیک بووەتەوە لە ئاستی پێش جەنگ، ئەمەش دوای ئەوەی کەشتییە گیرخواردووەکان لە تەنگەی هورمز چوونە دەرەوەی تەنگەکە.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت 40 سەنت یان 0.54% دابەزی و گەیشتنە 73.34 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکی 27 سەنت یان 0.38% دابەزی و گەیشتە 70.07 دۆلار.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "خێرایی ئەم دابەزینە زۆر کەسی تووشی شۆک کردووە، لەبەر ئەوەی بازاڕەکان گەڕانەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا دەبینن."
نرخی نەوتی برێنت و تەکساس رۆژی چوارشەممە زیاتر لە 3 دۆلار دابەزینیان بەخۆوە بینی بوو.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، "گواستنەوە نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە نزیکبووەتەوە لە ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران."
رایت هەروەها رایگەیاند، "لانیکەم 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە 24 کاژێری رابردوودا لە تەنگەی هورمز دەرچووە". ئاماژەی بەوەش کرد، "گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی تەواوەتی چەند هەفتەیەکی دەوێت، چونکە پێویستە تەنگەکە لە مین پاک بکرێتەوە."
رێککەوتنی سەرەتایی هەفتەی رابردوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی ئێران، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گواستنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
عومان رۆژی چوارشەممە رێڕۆی کاتی کردەوە بۆ ئاسانکاری دەرچوونی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز. سەرۆکوەزیرانی قەتەریش سەردانی عومانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەڕێوەبردنی تەنگەکە لە داهاتوودا لەگەڵ ئێران، عێراق و وڵاتانی کەنداو.
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کۆی یەدەگی نەوتی خاوی ئەمریکا هەفتەی رابردوو گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لەدوای ساڵی 1984وە، ئەمەش بەهۆی خواستی زۆری پاڵاوگەکان و بەکارهێنانی یەدەگی نیشتمانی لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام وا دەردەکەوێت بازاڕەکان گوێیان بەم داتایانە نەدابێت، چونکە بازرگانان تەواوی سەرنجیان لەسەر تەنگەی هورمزە.



