بەریتانیا دەڵێت، 32 ملیار دۆلاری رووسیای سڕ کردووە

22-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، لەو کاتەوەی جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە، 32 ملیار دۆلاری رووسیای سڕ کردووە.
 
وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا دەڵێت، لە شوباتی 2022 تاوەکو ئاداری 2024، سزای خستووەتە سەر 2001 کەس و دامەزراوەی رووسیا.
 
وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا دەڵێت، "25 ملیار پاوەند [32 ملیار دۆلار] سامانی رووسیامان سڕ کردووە؛ بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانەکانمان، رێگریمان کردووە لەوەی رووسیا دەستی بە 400 ملیار دۆلار بگات، کە دەکاتە خەرجیی چوار ساڵی سەربازیی رووسیا."
 
بەریتانیا بەڵێن دەدات تاوەکو جەنگی ئۆکراینا بەردەوام بێت، سزای دارایی بەرامبەر رووسیا بەکاردەهێنێت.
 
لە 22ی شوباتی ئەم ساڵ، کە هاوکات بوو لەگەڵ سێیەم ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، بەریتانیا زیاتر لە 100 سزای دژی ئەو کەسانە راگەیاند، گوایە لە جەنگەکەدا یارمەتی رووسیا دەدەن.
 
سەرەڕای ئەوە، بەشێکی زۆری پارە و موڵکی کەسانی نزیک لە حکومەتی رووسیا لە بەریتانیا و ئەورووپا دەستی بەسەردا گیراوە.
 
تەواوی پارە و سامانی رووسیا و کەسانی نزیک لە دەسەڵاتدارانی رووسیا کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە سڕکراوە بە زیاتر لە 216 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
 
لە تشرینی یەکەمی رابردوو، بەریتانیا سێ ملیار دۆلاری لە پارە بلۆککراوەکانی رووسیا وەک قەرز بە ئۆکراینا دا؛ هەروەها ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی پار، بڕی 20 ملیار دۆلاری وەکو قەرز لە پارە بلۆککراوەکانی رووسیا بە ئۆکراینا دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە