نرخی زێڕ بە رێژەی 1٪ دابەزی

22-03-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێر رۆژی هەینی بە رێژەی 1٪ دابەزی و یەک ئۆنسەی بە 3023 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
 
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی، بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، دەگەڕێتەوە. سەرەڕای دابەزینی لە رۆژی هەینی، لە ئاستی هەفتانەدا نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
زێڕ کە بە یەکێک لەو سامانانە دەناسرێت کە لە کاتی مەترسییە جیۆسیاسییەکان وەبەرهێنەران رووی تێدەکەن، ئەم ساڵ 16 جار ئاستی مێژوویی لە بەرزبوونەوە تۆمار کردووە. رۆژی پێنجشەممەی رابردووش گەیشتە 3057 دۆلار کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژوودا.
 
ئێدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (مارێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "دابەزینی نرخی زێڕ بەهۆی وچاندانی بازرگانان و پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج بووە، هەروەها بەرزبوونەوەی پێنوێنی دۆلار، کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی زێڕ داناوە."
 
پێنوێنی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت، رۆژی هەینی بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردوو.
 
پێدەچێت دابەزینی رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەردەوام نەبێت و دابەزینێکی کاتی بێت. پیتەر گرانت، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای (زانەر مێتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هێزی سەرەکی لە بازاڕی زێڕدا تەشەنەکردنی مەترسییە جیۆسیاسییەکانە کە خواستی بۆ کڕینی زێڕ دروستکردووە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بەنیازە رۆژی 2 ـی مانگی داهاتوو، پێناسی گومرکی پێچەوانە لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی جێبەجێ بکات و ئەوەش نادڵنیایی زۆری لە بازاڕەکان و ئابووری جیهاندا دروستکردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە