رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی گابار گەیشتووەتە 80 هەزار بەرمیل.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21ی ئاداری 2025 ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لە 97 بیرە نەوتی کێڵگەکانی ناوچەی گابار (سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان)، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەمان گەیاندووەتە 80 هەزار بەرمیل."
بایراکتار راشیگەیاند، ئامارەکە دەریدەخات لە یەک ساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانیان لەو ناوچەیە دوو هێندە زیادی کردووە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیان گەیشتنە بە 100 هەزار بەرمیل، "بە گەیشتنمان بەو ئامانجە، هێزی زیاتر بە ئابووریی تورکیا دەبەخشین."
ئەیلوولی پار، ئاڵپئارسڵان بایراکتار رایگەیاند، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی گابار گەیشتووەتە 76 هەزار بەرمیل.
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن.
ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ