رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، 20-5-2022 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخەکانی نەوت بە رێژەیەکی کەم دابەزین و هەر بەرمیلێک برێنت بە 111 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ هەرچەندە بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لە دابەزین بەردەوامە و هەر ئۆنسەیەک بە 1840 دۆلارە.
رۆژی چوارشەممە، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا، نرخەکانی نەوت بە رێژەی 2.5٪ دابەزین، بەڵام رۆژی پێنجشەممە نرخەکان دووبارە بە بەرزبوونەوە کرانەوە. هۆکارەکەیشی نیگەرانی بوو لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان بەتایبەتی لەلایەن رووسیاوە.
بەرەبەیانی رۆژی ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت جارێکی دیکە دابەزییەوە، بەڵام دابەزینەکە زۆر نییە و 80 سەنتە بۆ هەر بەرمیلێک. هیرۆیوکی کیکاوا، شرۆڤەکاری نەوتی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نیسان سیکیوریتی) ئاماژە بەوە دەکات، "لە ماوەی درێژخایەندا بازاڕی نەوت هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە."
ئەمڕۆ نرخەکان بەمشێوەیەن:
- نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 111 دۆلار و 24 سەنتە.
- نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 110 دۆلار و 85 سەنتە.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 1840 دۆلارە
رۆژی پێنجشەممە نرخی زێڕ بە دابەزین کرایەوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی رۆژەکەدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەک زیاتر لە 26 دۆلار بەرزبووەوە، بەیانیی ئەمڕۆش لەکاتی کردنەوەی بازاڕ جارێکی دیکە دابەزییەوە.
بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە فیلادلفیا رایگەیاند، بانکی ناوەندی لە مانگی شەش و حەوتی ئەمساڵدا بە ئەگەری زۆرەوە بە رێژەی 0.5٪ سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە. ئێستا بە گشتی نرخەکانی زێڕ ئاراستەیان بەرەو دابەزینە لەبەر ئەوەی پێشبینی دەکرێت سوودی بانکی لە ئەمریکا بەرزبکرێتەوە.
ماوەی هەفتەیەکە نرخی زێڕ لە دەوروبەری ئاستی 1800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەشێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن، هەرچەشنە دابەزینێکی نرخی زێڕ بۆ خوارەوەی 1800 دۆلار، بە ئەگەری زۆرەوە بەهای ئەو کانزایە زیاتر دادەبەزێنێت.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان بەمشێوەیە:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 400 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.057 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.245 GBP/USD
دۆلار - یەن 127.641 USD/JPY
دۆلار - لیرە 15.94 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 30 هەزار و 180 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 62.13 روبڵی رووسی



