نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی نوێی تۆمارکرد

دوێنێ کاژێر 07:28
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە توانی ئاستێکی مێژوویی نوێ تۆماربکات و بەرزبێتەوە بۆ 3056 دۆلار، دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی وەک خۆی جێگیر کرد و گۆڕانکاری تێدا نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە داوە هێشتا بەنیازە لە ئەمساڵدا دووجار سوودی بانکی کەم بکاتەوە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.5٪ بەرزبووەوە و بە 3056 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نزیکبووەوە لە 3060 دۆلار.
 
تای وانگ، بازرگانێکی زێڕی سەربەخۆیە و دەڵێت، "نرخی زێڕ دوای ئەوەی ئاستی 3000 دۆلاری تێپەڕاند، ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە یەکلایی بووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە بەرزبوونەوەی زیاتر."
 
ئەو بازرگانە دەڵێت، "نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و مەترسییەکانی پەیوەست بە شەڕی بازرگانی، پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروست دەکات."
 
تاوی وانگ هەروەها دەڵێت، "بازاڕ گەیشتووەتەوە ئەو بڕوایەی کە زێڕ بکڕە، لە هەموو بارودۆخێکدا."
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی لە ئاستی 4.25٪ تاوەکو 4.50٪ بە جێگری هێشتووەتەوە، بەڵام رایگەیاندووە بە ئەگەری زۆرەوە هەڵاوسان بەرزدەبێتەوە بەهۆی سەپاندنی پێناسە گومرکییەکان لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەروەها ئاسۆی گەشەی ئابووریی ئەمریکای دابەزاندووە بۆ نزیکەی 2٪ لە ئەمساڵدا.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، سەپاندنی پێناسە گومرکییەکان، ئاراستەی کەمبوونەوەی هەڵاوسان دوادەخات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە