رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامە کە نرخی سووتەمەنی دابەزێنرێت، بڕیارە لە یەک - دوو رۆژی داهاتوودا بەنزینی 690 دیناری بدرێتە تاکسی و پاسەکان لە هەرێمی کوردستان بەو هیوایەی ببێتە هۆی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە.
ئاوات محەممەد، قایمقامی ناوەندی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی و دڵدار هەرکی پێشکێشی دەکەن گوتی: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاگاداری کردینەوە کە هەوڵێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ 690 دینار بۆ هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی (تاکسی و پاس) بۆ ئەوەی بارگرانی زیاتر نەکەوێتە سەر شانی هاونیشتمانییان".
ئاوات محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، دوای کۆبوونەوەکەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، بەنزین بۆ گشتیی دابەزی بۆ 800 دینار، ئێستا هەوڵ هەیە لە یەک - دوو رۆژی داهاتوودا بەنزینی 690 دیناری بدرێتە تاکسی و پاسەکان و گوتیشی: "ئەو بڕەی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە دیاریکراوە دەگاتە وێستگەکانی سووتەمەنی، ئێمە رۆژانە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، پێویستمان بە 2-2.5 ملیۆن لیتر بەنزینە، بەڵام ئێستا نزیکەی نیوەی ئەوە دەگات، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی زیادی بکات، ئەمە ئەرکی ئێمەیە وەکو حکومەت کە چەند لە تواناماندایە سووتەمەنی دابینبکەین".
قایمقامی ناوەندی سلێمانی لەبارەی هاوردەکردنی بەنزینیشەوە گوتی: "کارئاسانی زیاتر بۆ بازرگاکان دەکرێت و گومرک و بەربەستەکانی بەردەمیان لابراون، بەڵام خۆزگە بۆ هاوردەکردن دەسەڵاتی هاوردەکردن دەدرا بە حکومەتە خۆجێییەکان و راستەوخۆ پەیوەستیان نەدەکرد بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە، بەڵام بە چاودێریی کوالێتیی کۆنترۆڵ بۆ ئەوەی هیچ زیانێکی بۆ خەڵک و ئۆتۆمبێل نەبێ".


