رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى کۆبوونەوەى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق و بەرپرسانى وەزارەتى نەوت، سێ خاڵ لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى هەناردەکردنەوەى نەوت جێگەى ناکۆکین، بەگوتەى سەرۆکى لیژنەکەش، پێیان راگەیێنراوە 'هەفتەى داهاتوو نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە دەکرێتەوە.'
کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ـی ئادارى 2025) کرا، لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمان میوانداریی باسم محەممەد خزەیر، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى دەرهێنان و تیمى تایبەتى ئەو وەزارەتەى کرد، بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنى هەموارى مادەى 12ـی یاساى بودجەى گشتیى عێراق.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق، دواى کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانى گوت، "بریکارى وەزارەتى نەوت، بەڕێوەبەرانى گشتیى ئابوورى، یاسایی، کۆمپانیاى نەوتى باکوور، کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) میوانداریکران وردەکارییان لەبارەى ئەو پرسە باس کرد، بە قسەی ئەو بەرپرسانە بێت؛ هەفتەى داهاتوو هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە".
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد. هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد، وەک هەنگاوى یەکەمى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە راگیراوە.
هەیبەت حەلبووسی رایگەیاند، "میواندارییەکە لەبارەى هەموارى مادەى 12ـی یاسای بودجە کراوەیە و، هەفتەى داهاتووش بەردەوام دەبێت."
هەموارەکە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
بەگوێرەی هەموارەکە، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.
عەلى مەشکوور، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق کە لەو کۆبوونەوەیە بەشدار بووە، بە رۆژنامەڤانانى راگەیاند، "هێشتا پرسەکە لەگەڵ لایەنى کوردى بەردەوامە و میوانداریى لیژنەى جێبەجێکردنى هەموارى یاساى بودجە بەردەوام دەبێت، هەندێک بەربەست لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى هەن، کە لیژنەکە کار لەسەر لابردنیان دەکات."
عەلى مەشکوور گوتى، "کێشەکان سێ خاڵن؛ تێبینى لەسەر کۆمپانیاى راوێژکاری هەیە، کە ئەگەر بۆچوونى خۆى بدات و بۆچوونێک نەبێت کاریگەریی لەسەر گۆڕینى گرێبەستەکان هەبێت، بەڵکو تەنیا بۆ وردبینى ئەو لیستانە بێت کە پێشکێشیان دەکەن، هەروەها تێبینی لەسەر ئەو بڕە نەوتە هەیە، کە لە نێوخۆى هەرێمى کوردستان بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ وردبینى لەو بڕە نەوتەى هەناردە دەکرێت."
لەبارەى کێشەکانى بەردەم جێبەجێکردنى هەموارى یاسای بودجە، سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق گوتى، "ئەو پرسانە جێگەى گفتوگۆن، بەڵام بە ویستى خوا، هەنگاوى یەکەم دەستپێدەکەین کە هەناردەکردنەوەى نەوت و هەنگاوەکانى دیکەش بەدوایدا دەنرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ