وردبینی لە لیستی مووچەی ئادار دەستیپێکرد

19-03-2025
ئەحمەد حەمید
نیشانەکردن نیوڕۆژ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 3ـی رادەستی بەغدا کرد و وردبینی لە لیستەکە دەستیپێکرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بەغدا لیستی مووچەی مانگی 3ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
 
دوێنێ سێشەممە، 18-03-2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئادار رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرا.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "شاندەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقە و وردبینی لە لیستی مووچە دەستیپێکردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژدا وردبینیی لیستەکە تەواو بکرێت".
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ئەگەر بەغدا گرفتی لە بڕی نێردراوی داهاتی نانەوتی نەبێت، ئەوا لیستی مووچە هیچ کێشەیەکی تێدا نەماوە.
 
بەم پێیە، ئەگەر کێشەی نوێ نەیەتە بەردەم پرۆسەکە، تاوەکو دوو بۆ سێ رۆژی دیکە دەبێ بریار لە ناردنی پارەی مووچە بدرێت.
 
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە درابوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی رادەسپێرێت هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بنێردرێت، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار پێش پشووەکانی جەژنی رەمەزان.
 
12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە. 
 
رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و یەکەم رۆژ مووچەی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانییانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیایی دابەشکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە