رووداو - هەولێر
ئاوی هەرێمی كوردستان لە ژێر هەڕەشەدایە، ئەگەرچی هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.
پسپۆڕان دەڵێن شەڕی داهاتووی ئەم ناوچەیە لەسەر ئاو دەبێت. ئەگەر پلانی پێشوەخت بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو كێشەیە نەبێت، ئەوا قەیرانی كەمئاوی بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێ.
حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی داناوە كە تاوەكو ساڵی 2018 ژمارەی بەنداوەكان بگەیەنێتە 41 بەنداو، بەڵام كۆی ئەم بەنداوانە بچووك و مامناوەندین.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پەیتا پەیتا جیهان لە مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا ئاگادار دەكاتەوە كە بەهۆی گەرمبوونی زەوی ئەگەرەكانی روودانی كارەساتی سروشتی لە بەرزبوونەوەدایە.
كۆڕی نێودەوڵەتی گۆڕانكارییە ژینگەییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێ "جیهان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانە ئامادە نییە".
بە كەمبوونەوەی رێژەی باران و بەفربارین، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و هەروەها دیاردەی خۆڵبارین، هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە لەگەڵ لێكەوتەكانی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا ئاشنایە، ژینگەناسان پێشبینی هەڵگیرسانی شەڕ لەسەر سەرچاوەكانی ئاو دەكەن و دەڵێن لەساڵانی داهاتوودا نەوت بایەخی خۆی لەدەستدەدات و ئاو جێگەی دەگرێتەوە.
هەرێمی كوردستان كە خاوەنی دوو بەنداوی گەورەیە، لە پلانیدایە كە ژمارەی بەنداوە بچووك و مامناوەندییەكان زیاد بكات، بەڵام هەنگاوەكانی لەو رووەوە بەشێوەیەكی لەسەرخۆ دەچنە پێشەوە. تەنانەت وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاویشی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ بچووك كردەوە.
30 بەنداوی تازە دروست دەكرێن
بەگوێرەی پلانی 2018ی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەرێمی كوردستان دەیەوێ بە بنیاتنانی 30 بەنداوی نوێ، كۆی بەنداوەكانی بۆ 41 بەنداو بەرزبكاتەوە تا بتوانێت رێژەی گلدانەوەی ئاو لە 9 ملیار و 800 ملیۆن و 72 هەزار ملیۆن مەتری سێجاوە بۆ سەرووی 15 ملیار مەتر سێجا بەرزبكاتەوە.
ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان دەڵێت" ئامانج لە دروستكردنی بەنداوەكان گلدانەوەی بڕێكی باشی ئاوە و پاراستنی ئاوی ژێر زەویشە". ناوبراو گوتیشی "ئەگەر بودجەی تایبەتمان بۆ دابنرێت و پارەمان لێ نەبڕێت، پلانمان هەیە كە خۆمان لەو هەڕەشەیە بپارێزین".
ئێستا ژمارەیەك بەنداوی مامناوەندی لە كوردستان لە دروستكردندان، لەوانەش بەنداوی گۆمەسپان لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر كە توانای گلدانەوەی 75 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەنداوی باوەنوور لە گەرمیان كە توانای گلدانەوەی 46 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی باسەڕە لە سلێمانی كە 60 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە.
هەروەها وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چەند پرۆژەیەكی دیكەی دروستكردنی بەنداوی لە بەرنامە داناوە لەوانەش: دروستكردنی 14 بەنداو لە پارێزگای هەولێر بۆ گلدانەوەی 56 ملیۆن مەتر سێجا ئاو. 12 بەنداو لە پارێزگای سلێمانی بۆ گلدانەوەی 9 ملیار مەترسێجا ئاو. 8 بەنداو لە دهۆك بۆ گلدانەوەی 75 ملیۆن مەتر سێجا ئاو. لەگەڵ 7 بەنداو لە گەرمیان بۆ گلدانەوەی 73 ملیار مەتر سێجا ئاو.
كوردستان ستانداردی جیهانی بەزاندووە
لە هەرێمی كوردستان ئاوی ژێر زەوی یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵە. بەهۆی لێدانی بیری زۆر و بەكارنەهێنانی بە شێوەیەكی زانستیانە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.
حەمەدەمین فارس، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت "ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەین كە كەمتر ئاوی ژێر زەوی بەكاربێنین و زیاتر پشت ببەستین بە سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی، تاوەكو بتوانین وەكو یەدەگی ئاو هەڵیبگرین و لە داهاتوودا سوودی لێوەربگرین".
بەپێی ستانداردی رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO، هەر مرۆڤێك رۆژانە بۆ پێداویستییەكانی 130 تا 200 لیتر ئاو بەكاردێنێ، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێكی رێكخراوی ئەندازیاری پڕۆژەكانی ئاودێری سویدی SWECO لە هەرێمی كوردستان، هەر تاكێك لە كوردستان رۆژانە نزیكەی 800 لیتر ئاو بەكاردێنێ كە چوار بەرامبەری ستانداری جیهانییە.
چەند جارێك ئاوی رووباری ئەڵوەن لە خانەقین لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیراوەتەوە و توركیاش سەرقاڵی دروستكردنی بەنداوە لەسەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە عێراق. بەمەش مەترسی بۆ سەر ئاوی عێراق دروست بووە.
عەبدولڕەحمان سدیق، یەكەم وەزیری ژینگەی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعس دەڵێت "زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ئاودا دەكرێت و تاوەكو ئێستا یاسا نەیتوانیوە ئەمە كۆنترۆڵ بكات".
ئەو دەڵێت "تاوەكو ئێستا پۆلیسێكمان نییە بەناوی پۆلیسی سەوز كە كەناراوەكان لە پیسبوونی ئاو بپارێزێت، نەك هەر لەناو هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە وڵاتانی دەوروبەریش چەندین كارگە لەسەر سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان دانراون و پاشماوەی ئەو كارگانە تێكەڵ بە ئاو دەبن".
بڕی ئاوی ساڵانەی رووبارەكانی كوردستان
ئاوی سەر زەوی بە گشتی رووبارەكان دەگرێتەوە، لە هەرێمی كوردستان 5 رووباری سەرەكی هەن كە بڕی ساڵانەی ئاویان 29.77 ملیار مەتر سێجایە.
1 - رووباری خابوور: درێژییەكەی 160 كیلۆمەترە، ئاوی ساڵانەی نزیكەی 1.6 ملیار مەتر سێجایە.
2 - زێی گەورە: درێژییەكەی 392 كیلۆمەترە، ئاوی ساڵانەی 14 ملیار و 32 مەتر سێجایە.
3 -زێی بچوك: درێژییەكەی 456 كیلۆمەترە، ئاوی ساڵانەی 7.2 ملیار مەتر سێجایە.
4 - رووباری سیروان: درێژییەكەی 386 كیلۆمەترە، ئاوی ساڵانەی 5.86 ملیار مەتر سێجایە.
5 - ئاوە سپی: درێژییەكەی 230 كیلۆمەترە و ئاوی ساڵانەی 0.79 ملیار مەتر سێجایە.
یەدەگی ئاوی ژێر زەوی 5 ملیارە
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی رووسی كە لە ساڵی 1983 كراوە، یەدەگی ئاوی ژێر زەوی لە كوردستان نزیكەی 5 ملیار مەتر سێجا دەبێت. هەروەها حەوزە سەرەكییەكانی ئاوی ژێر زەوی 43 حەوزن.
20 هەزار بیر لێدراون
بەپێی ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 20 هەزار بیر لێدراون، كە ئەوانەش كاریگەرییان هەبووە لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی.
بەشێك لە بیرە ئاوەكانی هەرێمی كوردستان بە ئامێری پایل لێدراون، حەمەدەمین فارس دەڵێت "ئەو ئامێرە بكوژی ئاوی ژێر زەوییە". گوتیشی "لە دوای ساڵی 2009 حكومەت دەستی بەسەر 916 ئامێری پایلدا گرتووە".



