رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، حکومەت ناتوانێت 200 ملیارەکەی بەغدا بخاتە لاوە بۆ مووچەی مانگی ئادار، چونکە "داهاتی سلێمانی نەگەڕاوەتەوە و کورتهێنان هەیە" ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێت: "خەرجکردنی هەموو داھاتی ناوخۆ بۆ مووچە، كار دەكاتە سەر خەرجییەكانی دیکەی سلێمانی."
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لای زۆربەی هاونیشتمانییان ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە بۆچی 200 ملیارەکەی بەغدا ناخرێتەلاوە بۆ ئەوەی بچێتە سەر مووچەی مانگی سێ، بۆیە پێویستە هاونیشتمانییان ئەوە بزانن کە نەگەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ مانگی یەک و دواخستنی ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا بەبڕی 320 ملیار دینار کورتهێنانی بۆ مووچەی مانگی یەکی 2022 دروستکرد".
لیزا فەلەکەدین کاکەیی هەروەها گوتی: "لە مانگی دوو بەهەمانشێوە داهاتی ناوخۆی سلێمانی نەگەڕاوەتەوە و کورتهێنانەکە زیاتر بووە، چونکە بەشێک لە داهاتی نەوتی مانگی دوو بۆ مووچەی مانگی یەک خەرجکراوە و لەملاشەوە سلێمانی داهاتی نەناردووە".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات کە "بە نزیکەیی 430 ملیار دینار کورتهێنان بۆ مووچەی مانگی دوو دروستبووە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش بۆ ئەوەی لێبڕینی مووچە دروست نەبێتەوە دەست بردراوە بۆ داهاتی نەوتی مانگی سێ. بۆیە بەناچاری 200 ملیارەکەی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە خەرجدەکرێت کە لە ئەنجامی نەناردنی داهاتی دوو مانگی سلێمانی و دواکەوتنی 200 ملیارەکەی بەغدا دروستبووە".
لیزا فەلەکەدین کاکەیی هەروەها رایگەیاند: "ئەگەر ئەم نەناردنی داهاتە بەمشێوەیە بەردەوام بێت ئۆباڵی ئەم دۆخە داراییە لە ئەستۆی ئەو کەس و لایەنانەیە کە مافی دارایی هاووڵاتییانیان زەوتکردووە و هەمان سیاسەتی عێراق لە بڕین و نەناردنی قووتی کورد پەیڕەو دەکەن، ئەم جۆرە مامەڵە ناتەندروستە جگە لەوەی کاریگەریی نەرێنی بەسەر پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هەیە هەروەها پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی خەریکە بەتەواوی پەک دەخرێن".
د. عیزەت سابیر: ئەی بۆ باسی داھاتی نەوت ناكەن
د. عیزەت سابیر، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە مانگی دووی ئەمساڵ لەو داهاتەی لە بانکەکانی سلێمانی دابینكراوە، بڕی 75 ملیار دینار بۆ مووچە خەرجکراوە. بە داتا و زانیاری دروست ئەو ژمارەیەی باسی دەكەم لە وەزارەتی دارایی ھەیە، بەڵام بەداخەوە لەبەر ململانێی سیاسی خەریكە تەڕ و وشك پێكەوە دەسووتێندرێت".
د. عیزەت زیاتر گوتی: "ھەر بۆ زانیاریتان خەرجکردنی هەموو داھاتی ناوخۆ بۆ مووچە، بەدڵنیاییەوە كار دەكاتە سەر پێویستی و خەرجییەكانی دیکەی سلێمانی كە وەزارەتی دارایی تەمویلیان ناكات، وەكو دابینکردنی دەرمان، پاککردنەوەی شار و شتی دیکەش".
سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەپرسێت: "بە درێژایی كابینەی 7 و 8 هەمیشە مووچەی خەڵك لە پارەی نەوت دراوە و خەرجیەكانی دیکە لە داهاتی نانەوتی. خێرە ھەر باسی داھاتی ناوخۆ دەكرێت، ئەی بودجە زەبەلاحەكەی نەوت چی لێ بەسەرھات؟ كێشە لەداھاتی ناوخۆ نییە، كێشە گەورەكە جۆری گرێبەست و ھەرزانفرۆشی نەوت و دیارنەمانی داھاتی نەوتە، نەك داھاتی نانەوتی. بۆیە ھەقە ھەموومان بپرسین، كوا داھاتی نەوتی سەروو 95 دۆلار؟".
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوشار لەسەر بانکەکانی سلێمانی رەتدەکاتەوە و رایگەیاند "وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ناچار نەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بداتە مووچە، بەڵکو ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى ئەولەویەتى داوەتە دابەشکردنى مووچە و باقیاتى کە دەمێنێتەوە. مانگانە هەبووە و لەبەر دەست بووە بۆ پێداویستیەکانى دیکە".
بەپێی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، تێكڕای داهاتی ناوخۆی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2021 نزیكەی 120 ملیار دینار بووە مانگانە، بەڵام زۆربەی مانگەکان کەمتر لە نیوەی ئەو پارەیەی بۆ تەمویلی مووچە تەرخانکردووە.
روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دوای ئەوە دێت چەندین جارە بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان یەکدی بە نەگەڕانەوەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک تۆمەتبارکردووە و لەدوایین رێوشوێنەکانی وەزارەتی داراییش راگرتن و گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی بوو بۆ جێگرەکەی، ئەوەش یەکێتی نیگەرانکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ