رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکا دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نزیکە لەوەی پێشنیازێک بداتە کۆنگرێس کە ئەگەر پەسند بکرێت، نزیکەی 50%ی بودجەی وەزارەتەکە کەم دەکرێتەوە. کەمکردنەوەکە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ژمارەیەک رێکخراو، هاوپەیمانێتی و پرۆگرام لەوانە ناتۆ، نەتەوە یەکگرتووەکان، فولبرایت رادەگرێت و 10 باڵیۆزخانە و 17 کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەش لە جیهان دادەخرێن.
رۆژی سێشەممە، 15ی نیسانی 2025، میدیای ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێشنیازێک لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ئامادەکراوە کە بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتەکەی بە 28.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت، ئەوە 26 ملیار دۆلاری لە ئەم ساڵ کەمترە. ئەم ساڵ بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 54.4 ملیار دۆلار بوو.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەگەر پێشنیازەکە پەسندبکرێت، ئەوا هاوکارییەکانی وەزارەتەکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ، چەندین پڕۆگرام لەوانە فولبرایت رادەگرێت، ئەوە جگە لە بڕینی هاوکارییەکان بۆ چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی جیهان.
دوای پەسندکردنی لەلایەن مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە، وەزارەتی دەرەوە پێشنیازەکە بۆ کۆنگرێس دەنێرێت.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، ئەگەر پێشنیازەکە پەسندبکرێت، 10 باڵیۆزخانە و 17 کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە وڵاتانی جیهان دادەخرێن؛ پێنج کۆنسووڵخانەیان لە فەرەنسان، دوو دانەیان لە ئەڵمانیا و دوو دانەیشیان لە کەنەدان.
هەروەها نوێنەرایەتی ئەمریکا بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نامێنن و کارەکانیان لەلایەن باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە بەڕێوەدەبرێن.
20ی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و دواتر ژمارەیەک بڕیاری بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەرکرد و کارەکانی ئاژانسی یوئێس ئەیدی راگرت کە هاوکاری بەشێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی وڵاتانی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ