تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەن، بۆچی هەناردەکردنی نەوت دەستپێناکاتەوە؟

15-12-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
سوودانی باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات
سوودانی باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات
نیشانەکردن سوودانی لە بێستوون تۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوای راگیرانی لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە، گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوامە، دوایین وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئامادەن، بەڵام کێشەی تەکنیکی هەیە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەو پرسە لە بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو لەسەر ئەو پرسە رایگەیاند، هەمووان ئامادەن، بەڕاستی. کێشەکە لەوەدایە ئەنجوومەنی نوێنەران ماددەیەکی داناوە دەڵێت، تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بەگوێرەی تێکڕای نیشتمانی دەبێت. ئەمە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دانراوە، لیژنەی دارایی دایناوە، حکومەت داینەناوە. "پاش ئەوەی تورکیا رایگەیاند کە ئامادەیە بۆئەوەی دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە، هاتین قسەمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کرد، گوتیان 'ئێمە ناتوانین،' چونکە تێکڕای تێچوو هەشت دۆلار دانرابوو."
 
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کە لە چوارچێوەی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور کۆبوونەتەوە. مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو تێچووی دەرهێنانی نەوت هاوتای ئەو تێچووە نەکرێت کە بە کۆمپانیاکانی عێراق دەدرێت، ئەوان دەست بە بەرهەمهێنان ناکەنەوە. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "لەبەر رۆشنایی ئەو ماددە یاساییە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دانراوە، دەبێ بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک هەشت دۆلار تێچوو بدەین، لەکاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە گرێبەستەکانیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان 21 دۆلار دانراوە، ئەم جیاوازییە کێ دەیدات؟ نە حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان] هەیەتی و نە ئێمەش دەتوانین سەرپێچیی یاسا بکەین. ئەمە یەکێکە لە کێشەکانی ئەو یاسای بودجەیەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی بۆ داوە. ئێستا کۆمپانیاکان چاوەڕێن ئەم ماددەیە هەموار بکرێت."
 
بێستوون عوسمان لەسەر تێچووەکە لە سوودانی پرسی، ئێوە وەک ئەنجوومەنی وەزیران ئەو هەموارکردنەوەیە بەو تێچووەوە رازیدەبن و بینێرنە پەرلەمان؟ 
 
سوودانی وەڵامی دایەوە، "بەدڵنیاییەوە، چونکە ئێمە ئێستا نزیکەی 470 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زەرەر دەکەین، ئەمە ئەو بڕەیە کە دەبوو لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە دەرەوەی هەرێمیشەوە هەناردە بکرێ. بۆیە پێش ماوەیەک ئەگەر لەیادت بێت وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانمان نارد بۆ هەرێم [ـی کوردستان] و لەوێ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان کرد و هەروەها دیدارێکیان لەگەڵ گرووپێک لە کۆمپانیاکانی نەوت سازکرد، لەوێ ئەو مادەیەیان دایە ئێمە کە پێویستی بە هەموارکردنە و ئێمەش خستمانە ئەو رەشنووسەوە کە دەبێ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی بکەین."
 
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێش راگیرانی بەهۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس 380 بۆ 400 هەزار بەرمیل بووە. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی گوت کە ئێستا 80 بۆ 90 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان دەدەنە "پاڵاوگەکان کە وەکو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گرێبەستمان لەگەڵ کردوون، پاڵاوگەی کار، ئەوانیش بەرهەمە نەوتییەکانمان دەدەنێ." 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە