رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە نرخی نەوت رۆژی هەینی کەمێک دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا بەڕێژەی 4% بەرزبووەوە.
رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 13 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 17 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت لە هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی 4% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، کە زیاترین بەرزبوونەوەیە لە دوای مانگی 4ـی ئەم ساڵەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا، متمانەی بەکاربەران لە مانگی پێنجدا لە ئەمریکا دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە 7 مانگی رابردوودا. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت داناوە.
باب یاوگەر، بەرپرسی بەشی کاڵاکان لە بانکی ( میزۆهۆ)، یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی ژاپۆن، لەو بارەیەوە رایگەیاند، " دابەزینی متمانەی بەکاربەران لە ئەمریکا بەو واتایە دێت کە هێشتا زۆربەی ئەمریکییەکان متمانەیان بە باشبوونی ئابووری وڵاتەکەیان نییە."
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، سەرەڕای ئامارەکانی پەیوەست بە متمانەی بەکاربەران، بەڵام پێشبینییەکان لەسەر بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو، بە گشتیی رێگەی نەداوە نرخی نەوت زۆر دابەزێت.
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا و رێکخراوی ئۆپێک لە نوێترین راپۆرتیاندا، پێشبینییەکانیان لەسەر خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرزکردووەتەوە.
ئەو دوو دامەزراوەیە پێشبینییان کردووە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەم ساڵدا 2.2 ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات.
پێشبینییەکانی ئەو دوو دامەزراوەیە بە پێچەوانەی راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەیە کە گەشەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەم ساڵدا پێشبینیکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا هەر سێ دامەزراوە، پێشبینیان کردووە کە خستنەڕووی نەوت کەمتر دەبێت لەو خواستەی کە بۆ بەکارهێنانی نەوت هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمێرز بانکی ئەڵمانی پێشبینیکردووە نرخی نەوت لە چەند مانگی داهاتوودا لە نزیک ئاستەکانی ئێستا بمێنێتەوە، لەبەر ئەو ناڕوونییانەی کە پەیوەستن بە رەوشی سیاسیی ئەورووپا بەتایبەتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا.


.jpg&w=3840&q=75)
