وەزارەتی دارایی: لەگەڵ بەغدا هاوڕاین لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ

15-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا هاوڕان بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵی.
 
لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تاوتوێی پرسەکانی نەوتی کوردستان و گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی بودجەی کوردستانیان کرد.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2024 کۆبووەوە و ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و پرسی نەوت و رێکارەکانی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
 
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی دکتۆر محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزیری پلاندانان و وەزیرانی نەوت، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کارەبا و تیمی راوێژکاریی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
 
دوای ئەوەی دوێنێ شاندەکەی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024 دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کەشی کۆبوونەوەکە بە "دۆستانە و بەرپرسیارانە" ناودەبات و دەڵێت: "لە هەردولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و  ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە یاسای بودجەی ساڵی رابردوو دروست بوون، هەبوو."
 
هەروەها دەڵێت: "بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا پارێزراو بێت."
 
سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش، وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە: "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق." 
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و قەبارەکەی زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینار بوو، پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، بەڵام لە جێبەجێکردنی یاساکەدا کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دروستبووە. راگرتنی نەوتی کوردستان، داهات و خەرجییەکان و مووچە لە دیارترین ئەو کێشانەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە