رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، تەنیا ئەوەی ماوە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، ئەگەر دەنگی لەسەر بدرێت، لەوانەیە پێش سەری ساڵ نەوت هەناردەبکرێتەوە.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت، ئەگەر پەرلەمان کۆببێتەوە، کێشەی نەوت و بودجە چارەسەر دەبێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانە، دەڵێت، چاوەڕوانن پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بدات بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە. دەشڵێت، "کێشەی گەورە" لەبەردەم مووچەدا نییە.
لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەم ساڵ، وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت، کێشەی گەورەیان نییە و تیمەکان خەریکن چارەسەری گرفتەکان دەکەن.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان، لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان لەگەڵیدا کردوویەتی، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها ئاماژە بە رۆڵی عێراق لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد و دەستپێشخەرییەکە بە "گرنگ" پێناسە دەکات.
عێراق رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان هەردوو وڵاتی سووریا و تورکیادا دەگێڕێت، لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، جگە لە ئەوان، رووسیاش رۆڵی نێوەندگیریی گێڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ