رووداو - دیجیتاڵ کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر، جارێکی دیکە مۆلیدە ئەهلییەکانی کردەوە بە سەرچاوەی سەرەکیی وزە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی گازوایل بۆ سەرووی 200 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک، خاوەن مۆلیدەکانی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە. ئێستا ئەوان لە نێوان قورسیی دابینکردنی سووتەمەنی و سزاکانی قایمقامیەتدان. مەریوان ئیسماعیل، خاوەنی چوار مۆلیدەی ئەهلییە و بەهۆی بێکارەباییەوە ناچارە رۆژانە 6 بۆ 8 کاژێر کار بە مۆلیدەکانی بکات. ئەو بە رووداوی راگەیاند: "مۆلیدە لە 70%ـی سووتەمەنییە، بازاڕی گازوایلیش ئازادە و هەرکەسە و بە ئارەزووی خۆی نرخ بەرز و نزم دەکات. ئێمە ناتوانین سەدان ماڵ و بازاڕ بکەینە قوربانیی قۆرخکاریی بازاڕ، لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر پابەند نەبین، یەکەمجار بەڵێننامەمان پێ پڕدەکرێتەوە و دواتر رووبەڕووی پێبژاردن و سزا دەبینەوە." بەرمیلێک گازوایل 200 هەزار دیناری تێپەڕاند ئەنجوومەنی مۆلیدەکان پێشتر بڕیاری دابوو بۆ 165 کاژێر کارکردنی مۆلیدە، بڕی 10 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک وەربگیرێت. ئەم بڕیارە کاتێک درابوو کە نرخی بەرمیلێک گازوایل 150 هەزار دینار بوو، کەچی ئێستا هەمان بەرمیل 200 هەزار دیناری تێپەڕاندووە. خۆران تەحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو دوو مانگی دیکە هەوڵدەدەن بەم نرخە بەردەوام بن، بەڵام دەڵێت: "ئەگەر دوای ئەو دوو مانگە نرخەکە هەر لە بەرزبوونەوەدا بێت، ئێمەش ناچارین نرخەکان بەرز بکەینەوە. هەر خاوەن مۆلیدەیەکیش پابەند نەبێت، قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگرێتەبەر." کاریگەریی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر بازاڕی سووتەمەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر 2,200 مۆلیدەی ئەهلی هەن. هەرچەندە پێشتر بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە زۆربەیان لەکار وەستابوون، بەڵام گرژییەکانی ناوچەکە و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران وایکردووە جارێکی دیکە مۆلیدەکان بکەونەوە کار. ئەمەش خواستی لەسەر گازوایل بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە؛ بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی بۆرسەی هەولێر، رۆژانە نزیکەی 10 هەزار بەرمیل گازوایل لە بازاڕدا دەفرۆشرێت. پوختەی ئامار و نرخەکان: - بەرمیلێک گازوایل: لە 150 هەزارەوە بۆ سەرووی 200 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. - خواست: رۆژانە 10,000 بەرمیل گازوایل لە هەولێر دەفرۆشرێت. - ژمارەی مۆلیدەکان: 2,200 مۆلیدە لە سنووری هەولێر. - بڕیاری ئێستا: 10,000 دینار بۆ هەر ئەمپێرێک (بۆ 165 کاژێر کارکردن). لە کاتێکدا نرخەکان لە نێوان هەولێر، دهۆک و سلێمانی جیاوازن، خاوەن مۆلیدەکان چاوەڕێی جێگیربوونی بازاڕی سووتەمەنی دەکەن تاوەکو نەبنە هۆکاری گرانبوونی زیاتری نرخی کارەبا لەسەر هاونیشتمانییان.
ئابووری27-07-2026100 ملیار دۆلار لە کارەبای عێراق خەرجکراوە کەچی رۆژانە کەمتر لە 10 کاژێر کارەبا هەیە