گۆڵدمان ساکس: تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی زێڕ دەگاتە 3700 دۆلار

14-04-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، نرخی زێڕ بەهۆی هێوربوونەوەی شەڕی بازرگانی و بەخشینی ئامێرە ئەلێکترۆنییەکان لە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا، دابەزی.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەی 0.1٪ دابەزی و بە 3232 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 3248 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) رایگەیاند، "هەرچەندە دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە، بەڵام کەمبوونەوەی مەترسییەکان بەتایبەتی دوای بەخشینی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک ئایفۆن و لاپتۆپ لە پێناسە گومرکییەکان، بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ."
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی لە پێناسە گومرکییەکان بەخشیوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو بەخشینە بە ئەگەری زۆرەوە کورتخایەنە.
 
واتێرێر لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو شەڕە بازرگانییەی کە سەرۆکی ئەمریکا هەڵیگیرساندووە، ناڕوونی و شڵەژانی لە بازاڕەکاندا دروستکردووە و ئەگەری هەیە لە ماوەیەکی کورتدا نرخی زێڕ تاوەکو 3300 دۆلار بەرزبکاتەوە.
 
نرخی زێڕ رۆژی هەینی توانی ئاستی 3200 دۆلار بۆ یەکەم جار بشکێنێت و ناوەندە داراییەکانی جیهانیش پێشبینییەکانیان بۆ نرخی زێڕ بەرزکردووتەوە.
 
بانکی گۆڵدمان ساکس، یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهان پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی زێڕ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لە 3300 دۆلارەوە بەرزکردووەتەوە بۆ 3700 دۆلار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی.

گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە بەهای تمەنی بەرزکردەوە

ئێران و ئەمریکا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی ناوبردووە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.