مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسی میونشنە و چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات

14-02-2020

22:13

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: بەردەوامدەبین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: بەردەوامدەبین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە
 
لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئانگرێت کرامپ کارنباوەر، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کۆبووەوە. کارنباوەر ستایشی دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامدەبین لە هاوکاریکردن و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە.
 
دەقی راگەیێنراوی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە:
 
ئەمڕۆ هەینی 2020/2/14 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ  وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئەنێگرێت کرامپ کارنباوەر لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا. 
 
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ستایشی دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە بەردەوامدەبین لە هاوکاریکردن و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ بەردەوامبوونیان وەک بەشێک لە هاوپەیمانبی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە. جەختیشی کردەوە کە داعش هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.

 

وێنەی کۆبوونەوەکە

 
زیاتر بخوێنەوە

20:12

مەسرور بارزانی: لەگەڵ پۆمپەیۆ هاوڕابووین کە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بمێننەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ
 
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد "لەگەڵ پۆمپەیۆ هاوڕابووین کە هێزەکانی ئەمریکا پێویستە لە ناوچەکە بمێننەوە. ئەمریکای هاوپەیمانمان بەشێکی گرنگن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە تێکشکاندنی داعش بە یەکجاری". 

 

 دەقی راگەیێنراوی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە

 
ئەمڕۆ هەینی 2020/2/14 لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبووەنەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و  هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی  تیرۆر تاوتوێ کرا. 
 
جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و مانەوەو بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرایەوە.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێکدا، پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:42

سەرۆکوەزیرانی بولگاریا مەسرور بارزانی بانگهێشتی وڵاتەکەی دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا
 
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا کۆبووەوە و بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بولگاریایان تاوتوێکرد. 
 
بەپێی راگەیێنراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە کورد بە دۆستی خۆمان دەزانین، رەوەندێکی بەرچاوی کوردی لە بولگاریا هەن و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆمەڵگەی بولگاری هەیە".
 
هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و وزەدا. سەرۆکوەزیرانی بولگاریا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی بولگاریا کرد. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی گرنگیی هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەنێوانیان کرد. 
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ پرۆسەی وەبەرهینانی ناوخۆیی و دەرەکی.
زیاتر بخوێنەوە

19:18

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستی پێکرد

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
 
 
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا دەستی پێکرد.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:51

مەسرور بارزانی: لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکین پابەندبێت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق
 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا لەگەڵ نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکین بۆ عێراق کە زۆرینە پشتیوانیی لێبکەن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی 14-02-2020  بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەوە کرا. جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق کرایەوە. 
 
لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، مەسرور بارزانی بە وەزیری بەرگریی عێراقی گوت، "ئێمە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکداین کە زۆرینەی پێکهاتەکانی عێراق پشتیوانیی لێبکەن و پابەندیش بێت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە". 
 
هاوکات گفتوگۆ کرا لەبارەی گرنگیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.

 

وێنەی کۆبوونەوەکە

زیاتر بخوێنەوە

17:16

مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسی میونشنە و چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی ئەمریکا
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی ئەمریکا


رووداو - هەولێر 

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری وزەی ئەمریکا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ هاتوون لەگەڵ مەسرور بارزانی ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو "موعجیزەیەی" کە ئێستا لە سایەی سەرکردایەتیی کورد هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە وڵاتی لیبیا زیاتر نەوت بەرهەمبهێنێت و بفرۆشێت. 
 
دان بروولیێت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەر لە کۆبوونەوەکەش قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد کە پەیامنێری رووداویش ئامادەی بوو، گوتی، هەرچەند کوردستان چواردەوری وشکانییە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی نەوتی زۆرە و بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد. 
 
لە وەڵامی رۆژنامەڤانان لەبارەی چاوەڕوانیت بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چییە؟ بروولیێت گوتی، "باوەڕم وایە ئەمڕۆ ئاهەنگی موعجیزەیەک دەگێڕین، موعجیزەکەی ئێوە، بۆ ئەوانەشتان کە نازانن باسی کام موعجیزە دەکەم، وەکو ئێوە دەزانن کوردەکان چواردەوریان وشکانییە و لە چەقی ئەو ناوچەیەدایە، بەڵام ئەمڕۆ لە لیبیا زیاتر نەوت هەناردە دەکەن". 

وەزیری وزەی ئەمریکا رووی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند "ئەوەش بەهۆی ئێوەیە، بەهۆی کارەباشەکان و سەرکردایەتیکرنی ئێوەیە. ئەوە بەڕاستی موعجیزەیە.. دەمانەوێت هاوکاریتان بکەین بۆ زیاترکردنی ئەو بڕە". 

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردساتان گوتی "پێشتر پەیوەندی راستەوخۆم لەگەڵ وەزیردا هەبووە و بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی کۆبوونەوەکەمان دەکەم، هیوادارم هاوئاهەنگییەکانمان لەبواری وزە لەگەڵ ئەمریکا زیاد بکەین". 

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا نووسیویەتی، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریکا باسیان لەوە کردووە چۆن کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەتوانن لە بەرەوپێشبردنی سێکتەری وزە لە هەرێمی کوردستان رۆڵ بگێڕن. هاوکات "باسی ئەوەمان کرد چۆن ئەمریکا و کوردستان پێویستە پێکەوە کاربکەن بۆئەوەی ئاسایشی وزەی هەرێمی بپارێزن". 
 

ئامارەکان نیشانی دەدەن، بەهۆی شەڕو ململانێکانی لیبیا و دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە و بەندەرە نەوتییوکان لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە خەلیفە حەفتەر، لە 18ـی کانوونی دووەم بەردەوام روو لە دابەزینە. لە هەفتەی رابردوو هەناردەی نەوت بۆ 1814 هەزار و 576 بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، لەکاتێکدا پێشتر 1.2 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. 

 
دەقی راگەیێنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە:
 
وەزیری وزەی ئەمریکا: هەرێمی کوردستان بەهۆی لێهاتوویی سەرکردایەتییەکەی کاری موعجیزە ئاسایان کردووە
 
ئەمڕۆ هەینی 2020/2/14 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری میونشنی ئەڵمانیا لە گەڵ دان برولیێت وەزیری وزەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری وزەدا کرا. هەروەها جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و رۆڵی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە. 

 

وەزیری وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بە پێشکەوتنی ئابووری هەرێمی کوردستاندا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان  بە هۆی لێهاتوویی سەرکردایەتییەکەی کاری موعجیزە ئاسایان کردووە.
 
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و گوتی هیوادارم هەماهەنگیمان زیاتر و بەردەوام بێت.

 

زیاتر بخوێنەوە