رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.
 
لە سەرەتای مانگی هەشتی پارەوە حکومەتی عێراق رێگری دەکات لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست و تاوەکو ئەمڕۆ رێگرییەکە بەردەوامە.
 
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە، 14-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵی رابردوو چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق کردووە، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتنی کۆتایی".
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە کۆبوونەوەکانیان راگیراون و لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێدەکەنەوە.
 
حکومەتی عێراق داوا دەکات، هەموو کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەڵگە و دۆکیومێنتەکانیان ببەنە بەغدا و لەوێ پشتڕاست (تەسدیق)ی بکەن و بیسەلمێنن کە خاوەنی کارگەکەن، پاساوەکەی ئەوەیە دەیانەوێت بزانن کام بەرهەم بەرهەمی راستەقینەی هەرێمی کوردستانە و کام هاوردەیە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر داوای حکومەتی عێراق دەرنەبڕیوە و پێیوایە؛ "بۆ بێ بەهاکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر کارگەکان لە بەغدا مۆڵەت وەربگرن، کەواتە کاروباری وەزارەتی بازرگانی و  بەڕێوەبەرایەتییە هاوشێوەکانی لە هەرێمی کوردستان بێ کاریگەر دەبن".
 
هەر ئەمڕۆ ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکانی رابردووی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق سێ لیژنە لە ئاستەکانی دارایی، کارگێڕی و تەکنیکی پێکهێناوە، بەڵام کۆتایی بە کێشەکان نەهێناوە و رێگرییەکان بەردەوامە".
 
بەگوتەی ئارام بابان: "حکومەتی عێراق داوا دەکات بەڵگەنامەکانمان ببەینە بەغدا و ئەوان دەیانەوێت لەوە دڵنیا ببنەوە، کە ئێمە بەرهەمی هەرێمی کوردستان دەبەینە نێوەڕاست و خوارووی عێراق نەوەکو بەرهەمی ئێرانی و تورکی".
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، کە خۆی بەشدارە لە کۆبوونەوەی ژوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گوتیشی: "ئێستا بۆ بازرگانانی عێراقیش بردنی بەرهەمی تورکی و ئێرانی ئاسانترە لە بەرهەمی هەرێمی کوردستان، ئەوەش کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر داخستنی کارگەکانی هەرێمی کوردستان".
 
هەروەها گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر گوتی: "رێگەگرتنی لە بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان تەواوی خاوەن کارگەکان نیگەران کردووە، هەروەها گومانی تێدا نییە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمی کارگەکان دەبێت و هۆکاریش دەبێ بۆ داخستنی کارگەکان".
 
بەگوێرەی ئاماری ژوورە بازرگانییەکان بۆ رووداو، سێ هەزار و 521 کارگەی گەورە و بچووک لە هەرێمی کوردستان هەن و بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەش بوون: پارێزگای هەولێر 1897 کارگە، پارێزگای سلێمانی 1135 کارگە و لە دهۆکیش 489 کارگە تۆمار کراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە