رووداو - هەولێر
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، ئەمڕۆ هەینی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆری بۆ توركیا دەستیپێكرد.
بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا بڕیاربوو لە كۆتایی ساڵی 2013 هەرێمی كوردستان بەرێگەی بۆری، نەوت هەناردەی توركیا بكات.
هەر بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەدوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا، رێككەوتننامەی هەناردەكردنی نەوت واژۆكرابوو، بەڵام لە میدیاكان رانەگەیەنرا.
نێچیرڤان بارزانی، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی نەوت و غاز لە هەولێر وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا ئاماژەی بەو رێككەوتنە كرد كە هەرێمی كوردستان و توركیا لەبواری وزەدا واژۆیان كردووەو گوتی "گفتوگۆكانمان لەگەڵ توركیا بونیادنەرانە بوون، مێژووی ئەو گفتوگۆیانەشمان دەگەڕێتەوە بۆ مایسی 2012 و ئازاری 2013".
نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئەم رێككەوتنە سەركەوتنێكی مەزنە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەم پرۆسەیە كۆكردنەوەی هەردوولایە، بۆیە دەبێت لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە عێراق بگەینە ئەنجامێك بۆ دابەشكردنی داهاتی عێراق بەپێی دەستوور، چونكە ئەوەی ئێمەو بەغدا پێكەوە دەبەستێتەوە تەنیا دەستوورە، بەڵام بەداخەوە بەغدا تاوەكو ئێستاش مەركەزییەت پەیڕەو دەكات".
نێچیرڤان بارزانی سووربوونی هەرێمی كوردستانی لەبارەی هەناردەكردنی نەوت دووپاتكردەوەو گوتی "كورد بڕیاریداوە بۆ دواوە نەگەڕێتەوە، ئەم رێككەوتنەشمان لەگەڵ توركیا مەترسی نییە بۆ سەر هیچ لایەك و ئامادەش نین دەستبەرداری ببین" .
پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان هەموو كارەكانی تەواو بووەو ئامادەیە بۆ فرۆشتن لە بازاڕەكانی جیهان".
هەروەها ئاشكراشی كرد كە "رۆژانە وەكو تێست 150 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێ و بڕیارە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە تا كۆتایی 2014 بڕەكەی بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرزبكرێتەوە".
هەر بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو نەوتەی هەناردەدەكرێت، 50%ی بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕ دەفرۆشرێتە توركیا و 50%ی دیكەشی بە نرخی بازاڕ دەنێردرێت بۆ بازاڕی نەوت.
كاركردن لە هێلی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە كۆتا هاتووە و بەگوتەی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، پێوانەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستپێكردنی هەناردەكردنی نەوت، سەربەخۆ دەبێت و نابەسترێتەوە بە نەوتی حكومەتی عێراقی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ