رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، ئەوانەی بەنیازی کڕینی زیون، دەبێت چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاو بکەن لە ئایندەیەکی نزیک. دەشڵێت لە رۆژانی رابردوودا دوو هەزار کەس بەهۆی دابەزینی نرخی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە خۆیان کوشتووە.
د. هەرێم رێبوار، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، بە قەبارەی خەیاڵی پارە بۆ کڕینی زیو هاتووەتە ناو بازاڕەوە، کە دەکرێت نرخەکەی زیاتر بەرزبکاتەوە. بڕی ئەو پارەیەش ملیۆنان دۆلارە.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، تێكڕای ناوچەی کڕینی زیو ئێستا 50.8 دۆلارە. واتە لەو نرخەدا کڕینی زۆر کراوە. ئەو کڕینەش زیاتر لە لایەن دامەزراوە داراییەکان و سندووقەکانی وەبەرهێنانەوە کراوە.
بە بڕوای د. هەرێم، دوور نییە نرخی ئۆنسەیەک زیو بگاتە ئاستی 53 دۆلاریش.
لەبارەی کڕینی زیو و گرانتربوونی لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە بازاڕەکانی جیهان، د. هەرێم دەڵێت، کڕینی زیو لەو نرخە بەرزەی ئێستا و بە زیاتر لە نرخی بازاڕ، مەترسی دەخاتە سەر ئەو کەسەی دەیکڕێت.
ئەو پسپۆڕە گوتی، مەبەستەکە ئەوەیە لە نرخێکی باش و گونجاو زیو بکڕدرێت بۆ ئەوەی هەڵبگیرێت بە مەبەستی قازانج لە داهاتوودا.
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە، جیاوازیی نرخی زیو لە نێوخۆ ئەگەر 2٪ تاوەکو 15٪ـش زیاتر بێت لە نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهان، ئاساییە. بۆیە ئەوەی زیوی کڕیوە و هەڵیگرتووە هیچ کێشەیەکی نییە و دەکرێت بەردەوام بێت.
لەبارەی ئەوانەیشی بەنیازی کڕینی زیون، د. هەرێم دەڵێت، پێویستە چاوەڕێی دەرفەتێک بکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا.
قسەکانی د. هەرێم رێبوار لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ـی ئەمڕۆ دووشەممەی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
لەبارەی نرخی زێڕیشەوە د. هەرێم پێشبینی دەکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 4100 دۆلار و پاشان دەست بە دابەزین بکات.
ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ 64 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4077 دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخەکەیەتی لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
"دوو هەزار کەس بەهۆی دابەزینی نرخی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە خۆیان کوشتووە"
رۆژی هەینی، نرخی بیتکۆین لە 122 هەزار دۆلارەوە بۆ 112 هەزار دۆلار دابەزی، واتە 10 هەزار دۆلار لە چەند کاژێرێکدا.
دابەزینەکە بەهۆی پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بوو کە هەڕەشەی زیادکردنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 100٪ لەسەر بەرهەمەکانی چین کرد.
جگە لە بیتکۆین، نرخی دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکەش بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیون.
پسپۆڕەکە دەڵێت، بەهۆی ئەو دابەزینەوە هەزاران بازرگان مایەپووچ بوون.
د. هەرێم رێبوار گوتیشی، بەپێی ئامارێک کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، زیاتر لە دوو هەزار کەس بەهۆی دابەزینی نرخی بیتکۆینەوە لە سێ رۆژی رابردوودا خۆیان کوشتووە.
.jpg&w=3840&q=75)

