رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی رابردوودا، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدا سەرنجەکان چوونەتە سەر داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا و ئەو گوتارەی کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەلایەن کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە پێشکێش بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ بە رێژەی 0.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 4654 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا 4680 دۆلاریشی تێپەڕاند.
دۆلاری لاواز کە لە نزمترین ئاستی چەند مانگی رابردوویدا جێگیر بووە، بازاڕی زێڕی گۆڕیوە. ئەمەش دوای بەڵێنەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کڕینەوەی قەواڵە داراییە درێژخایەنەکان. دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی وادەکات کڕینی زێڕ بۆ ئەو کەسانەی بە دراوەکانی دیکە مامەڵە دەکەن، هەرزانتر و گونجاوتر بێت.
تیم واتێرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "زێڕ هەفتەیەکی چالاکی دەستپێکردووە و گەڕاوەتەوە سەر رەوتی بەرزبوونەوە. نرخی زێڕ سوود لە دابەزینی بەهای دۆلار وەردەگرێت لە کاتێکدا بازرگانان سەرنجیان خستووەتە سەر ئاست و رێژەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و ئەوەی کە چ واتایەکی بۆ سیاسەتی نەختی و دۆخی ئابووریی ئەمریکا هەیە."
داتاکانی نرخەکانی بەکاربەر بۆ مانگی تەممووز و گوتارەکەی کێڤن وارش لە کۆنفرانسی (جاکسۆن هۆڵ) لەم هەفتەیەدا، بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن.
واتێرەر لەوبارەیەوە دەڵێت، "مامەڵەکاران بە وردی گوێ لە هەر ئاماژەیەک دەگرن لە گوتارەکەی کێڤن وارش، بەوپێەی دەتوانێت سیاسەتی نەختی بانکەکە لە چەند مانگی داهاتوودا ئاشکرا بکات".
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، ئەگەر تۆنی قسەکانی وارش نەرم بێت و ئاماژە بە نەرمکردنەوەی سیاسەتی نەختی بکات، رێگە بۆ نرخی زێڕ خۆش دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی زیاتر.



