بەنگین رێکانی بۆ رووداو: کێشەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت پەیوەندیی بە کۆمپانیاکانەوە هەیە

12-11-2023
ئەنمار غازی
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شەوی دووشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر ویست هەبێت هیچ شتێک نییە چارەسەر نەکرێت، پرسەکە پەیوەندارە بە کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت لە هەرێمى کوردستان." 
 
بەنگین رێکانی دەشڵێت، "ئەم کۆمپانیایانە گرێبەستى بەشدارییان هەیە و تێچووى بەرهەمهێنانى بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەکانى نەوتى عێراق لە شوێنێک بۆ شوێنێکى دیکە جیاوازن، لەکێڵگەکانى باشوور هەردەم تێچوو کەمە، هەندێک کێڵگەى دیکە هەن تێچووى بەرهەمهێنانى زۆرە وەک کێڵگەى گەیارە کە تێچووکەى ئەگەر هەیە بگاتە 30 دۆلار بۆ یەک بەرمیل، کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان تێچووى بەرهەمهێنان تێیاندا بەرزە."
 
بەیانی یەکشەممە، 12-11-2023  شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوت گەیشتنە هەولێر کە بڕیارە دوو بۆ سێ رۆژ بمێننەوە و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی سەردانەکەی شاندێکی وەزارەتەکە بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ژمارەیەک بریکار و راوێژکاری وەزارەتەکە بۆ شاری هەولێر و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە کە وەزیری نەوتی عێراقیشە گەیشتە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی تەواوکردنی وتوێژەکانی بەغدایە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە". 
 
لەو بارەیەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق باس لەوە دەکات، شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق "لەوێن تاوەکو ئەو پرسە لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت و حکومەتى هەرێمى کوردستان رێکبخات، چۆن جارێکى دیکە لەرێگەى هێڵى تورکیاوە هەناردەى نەوت دەستپێدەکەنەوە، لەهەموو دۆخێکدا دەبێت ئەمە بکرێت لەبەرئەوەى ئەمە لە پشکى عێراقە، لە پشکى بودجەى عێراقە، زیادکردنى هەر بەرمیلێک نەوت بودجە زیاد دەکات".
 
وەزارەتی نەوت دەڵێت، "وەزیری نەوت ئاماژەی بۆ بایەخی زیادکردنی داهاتە داراییەکان لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا کردووە و ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە؛ حکومەتی عێراق رژدە لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمەهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، وەزیری نەوت و شاندەکەی لە سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق، بریکارەکانی وەزیر بۆ کاروباری دەرهێنان و دابەشکردن و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆمپانیا و فەرمانگەکانی وەزارەت هاوڕێیەتی وەزیر دەکەن.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (یەکشەممە، 12-11-2023) لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و، دەڵێ لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی رێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا. 
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس لەئەنجامی سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا، راگیراوە و تائێستا سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە لە ئاستی باڵا لەنێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیاش، دەستیپێنەکردووەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و، رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدراڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە."
 
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە داوە ''وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە''. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی راسپارد هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند رۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.
 
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ، خواستی حکومەتی فیدراڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو، ئەویش لەڕێگەی ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.
 
''لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە یاسایی، دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاوەکو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی دەستپێبکاتەوە کە رۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت''، ئەمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی لە بەغدا لە 15-12-2024

شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغدا

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی تیمی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داهاتی نێوخۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دێت و سبەی شاندێک دەچێتەوە بەغدا.