رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی، دوو هۆکاری سەرەکین بۆ بەربوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، ئاشکراشی دەکات "لەسەر ئەو پرسە هەفتەی داهاتوو داوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەکەن."
گولیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین زۆرن، لەوانە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەنزین دەڵێن نرخی بەنزین لە سەرچاوەکانەوە زیادبوون ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان، هەروەها دابەزینی زیاتری بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا."
"قۆرخکردنی هاوردەکردنی بەنزین لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیاوە کە نابێت ئەمە بمێنێت بەتایبەت بەپێی یاسا دەبێت هێنانی بەنزین ئازادبێت بۆ ئەوەی رکابەرایەتی دروست ببێت، هەروەها ئەو کۆمپانیایانە بیانووی ئەوەشیان هەیە کە بەهۆی زۆربوونی ئەو باج و گومرکەی دەخرێتە سەیان ناچاربوون نرخی بەنزین زیادبکەن" ئەوانەش بە گوتەی گولیزار رەشید، هۆکارەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینن.
ئەو قسانەی ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ نرخی بەنزین دیسانەوە بۆ 675 دینار بۆ هەر لیترێک بەرزبووەوە و هەندێک لە بەنزینخانەکان زیاتریش بووە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لە هەرێمی کوردستاندا هێشتا کوالێتیی بەنزین لە ئاستی پێویست نییە و لەپاڵ بەدواداچوون و دابەزاندنی نرخی بەنزین، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان کوالێتیی بەنزینیش زیادبکات.
گولیزار رەشید سەبارەت بە چارەسەکردنی ئەو کێشەیە گوتی "ئێمە کۆمەڵێک پێشنیازمان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوانە بەشێک لە نەوتی خاو بداتە پاڵاوگە یاساییەکان بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین لەنێوخۆدا زیادکردبێت و کەمتر پشت بە بەرهەمی دەرەوە دەبەسترێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ