رووداو دیجیتاڵ
نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە بە جێگیری مانەوە.
نیگەرانی لە تەشەنەکردنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوێنێ نرخی نەوتی برێنتی تاوەکو نزیکەی 68 دۆلاریش بەرزکردەوە، بەڵام نەوتی زیادە لە بازاڕ و کەمیی خواست لە ئەمریکا، بووە رێگر لەبەردەم بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
هەرچەندە رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر زیاتر لە یەک دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئەمڕۆ نرخی زێڕی رەش بە جێگیریی مایەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا تەنیا چەند سەنتێک بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمانشێوە بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆوە بینی و بە 63 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەرچەندە پێشبینیی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی ئەمریکا بە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل دەکرا، بەڵام کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە 3.9 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی رابردوو زیادیکردووە.

.jpg&w=3840&q=75)

