رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، پێشنیازێکی نوێ بۆ پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتووە بەوەی پاشەکەوتی مووچە لە زیادەی نرخی بەرمیلی نەوتی جێگیرکراو لە رەشنووسی بودجەی عێراق بدرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 11-6-2023، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا پێشنیازێکی نوێ چووەتە لیژنەی دارایی کە بریتییە لەوەی "پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران لەو پارەیە بدرێتەوە کە لە ئەنجامی زیادبوونی بەهای بەرمیلی نەوت بەدەست دێت."
روونیشیکردەوە، "واتە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو 400 هەزار بەرمیلەی رادەستی بەغدای دەکات، لە رەشنووسی بودجە دیاریکراوە کە عێراق هەر بەرمیلێک بە 70 دۆلار دەفرۆشرێت، بەڵام ئەگەر بەهای هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر بوو، ئەو پارەیە لە سندووقێک هەڵبگیرێت و پاشەکەوتی مووچەی لێ بدرێتەوە."
لە رەشنووسی بودجەی عێراق فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەمساڵ بەهای هەر بەرمیلێک بۆ نزیکەی 80 دۆلار بەرزببێتەوە، واتە ئەو جیاوازی 10 دۆلارە، بەشێکی بۆ پاشەکەوتی مووچە تەرخانبکرێت.
گێڕانەوەی پاشکەوتی مووچە یەکێکە لەو پێشنیازانەی کە لە بڕگەکانی مادەی 14ـی رەشنووسی بودجە، بەپێی بڕگەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندکرابوو بەوەی 10٪ـی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران بداتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی حکومەتی ناوەندی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەرخانبکات.
دوێنێ شەممە، چوار لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە "پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ" بوون واژۆیان لەسەر زیادکردنی بڕگەیەک بۆ گێڕانەوەی رێژەی 12٪ـی پاشەکەوتی مووچە کرد، بەڵام هێشتا دەقی ئەو بڕگەیە تەواو روونی ناکاتەوە حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەکەوتی مووچە دەداتەوە.
لەساڵی 2014 حکومەتی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دوای ئەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەڕی داعش بووەوە کە خەرجییە سەربازییەکانی زۆر هەڵکشاند، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ پاشکەوتکردنی مووچە و لێبڕینی مووچە برد کە بەپێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بڕەکەی لەنێوان 15 بۆ 18 تریلیۆن دینار دەبێت.


