رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی ئەمریکا، عێراق رازی بوو، دوو ملیار و 760 ملیۆن دۆلار قەرزی گاز و کارەبای ئێران بداتەوە.
بەرپرسەکە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو و لە پەراوێزی کۆنفرانسی ریاز، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە فوئاد حسێنی هاوتا عێراقییەکەی راگەیاندووە بەغدا دەتوانێت ئەو قەرزانە بداتەوە بە تاران بێ ئەوەی بەر سزای ئابووریی واشنتن بکەوێت.
عێراق پشت بە هاوردەی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە دەبەستێت، بەڵام سزاکانی ئەمریکا لەسەر نەوت و گازی ئێران وایانکردووە، عێراق نەتوانێت پارەی هاوردەکە بە ئێران بدات، بەوەش قەرزێکی گەورە لەسەر عێراق کەڵەکە بووە و ئێرانیش لەبەرامبەردا چەندین جار هەناردەی گازەکەی راگرتووە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەو بارەیەوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، فوئاد حسێن لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن بەرەوپێشچوونی بەدەستهێناوە "سەبارەت بە مامەڵە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێران".
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، پارەکە لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراقەوە دەگوازرێتەوە.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، ملیاران دۆلاری ئێران لە چەندین وڵات سڕکراون.
ئەمریکا پێشتر جەختیکردووەتەوە کە دەبێت عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت و دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێک، بۆ وزە زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت، بەڵام بەغدا لەوەدا رووبەڕووی زەحمەتی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ