رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەکانی و گەیشتە بەرزترین ئاستی لە 4 مانگی رابردوودا.
نرخی نەوتی برێنت، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 10-8-2023) بەهۆی نیگەرانی لە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن دوو بەرهەمهێنەری گەورەی نەوت لە جیهان (سعودیە و رووسیا)، بەرزبووەوە بۆ 87 دۆلار و 42 سەنت.
لەلایەکی دیکەوە نیگەرانی لە کەمیی گازی شلکراوی (LNG) لە ئەوروپا، نرخی ئەو جۆرە سووتەمەنییەی بۆ بەرزترین ئاستی لە 2 مانگی رابردوودا بەرزکردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی خواست لەسەر بەرهەمە نەوتییەکانی وەک گازوایل و نەوتی رەش زیاد بێت، کە وەک جێگرەوەی گازی LNG هەژمار دەکرێن.
ئەمڕۆ هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 84 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
یپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی IG لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخەکانی نەوت خۆڕاگر بوون بەرامبەر بە داتا ئابوورییە لاوازەکانی چین. بەو پێیەی بازاڕ سەرنجی خستووەتە سەر بەشی خستنەڕوو، کە قەبارەکەی کەمکراوەتەوە."
کاژێر 15:30ـی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 7 لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە، پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکان کاریگەری بەرچاو لەسەر ئاراستەی نرخەکانی نەوت دابنێن.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، قەبارەی نەوتی یەدەگکراو لە ئەمریکا ئەم هەفتەیە زیاتر لە 5 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە. ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی هەنگاوی سعودیە و رووسیا لە کەمکردنەوەی بڕی خستنەڕووی نەوت بووتە هۆکارێکی گرنگ لە بەرزکردنەوەی نرخەکانی نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ