رووداو هەولێر
بە گوێرەی نێوەڕۆکی مادەی 12 لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، دەبێت حکومەتی عێراق بەشە بودجەی تەواوی مانگەکانی ساڵی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات.
رادەستکردنی پارەی نەوتی سێ مانگی ئەمساڵ، نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە 1-1-2023ـەوە، ئەو 800 ملیار دینارەی بە شێوازی قەرز تاوەکو ئێستا لە لایەن بانکەکانی (تی بی ئای، رەشید و رافیدەین) بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکراوە و، قیستەکانی پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵی بانکی -تی بی ئای) لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانن.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2023 دەگاتە 10 تریلیۆن و 867 ملیار دینار و مانگانەش 906 ملیار دینارە.
بودجەکە بەمشێوەیە دەبێت؛ بۆ 681 هەزار و 979 فەرمانبەر، ساڵانە 9 تریلۆن و 300 ملیار دینار لە چوارچێوەی (النفقات الجاریة) تەرخانکراوە، کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار.
هەروەها 1 تریلیۆن و 346 ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی ساڵانەی خانەنشینی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی 112 ملیار دینار.
بە گوتەی ئامانج رەحیم، "بەگوێرەی هەمان مادە، 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان بۆ یەک ساڵ لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخانکراوە لە چوارچێوەی خەرجیی سیادی، کە مانگانە دەکاتە 19 ملیار دینار".
لە بڕگەی نۆیەمی مادەی 1 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵیی ژمارە 6ـی ساڵی 2019، هەروەها مادەی 66ـی یاسای بودجەدا هاتووە، یاسای بودجە لە 1-1-2023ـەوە جێبەجێ دەکرێت، نەک لە رۆژی بڵاوکردنەوەی یاساکە لە وەقایعی عێراقی؛ بەمجۆرەبێت هەرێمی کوردستان تەنها بۆ مووچە، شایەنی پێدانی 906 ملیار دیناری مانگانەیە لە 1-1-2023ـەوە بەڵام ئەوەش دوای داشکاندنی ئەمانەی خوارەوە لەو بڕە پارەیە:
- داهاتی بەدەستهاتووی نەوت لە 1-1-2023ـەوە تاوەکو رۆژی راگرتنی هەناردەی نەوت لە 25-3-2023.
- دیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە 1-1-2023ـەوە.
- ئەو 800 ملیار دینارەی بە شێوازی قەرز تاوەکو ئێستا لەلایەن بانکەکانی (تی بی ئای، رەشید و رافیدەین) بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکراوە.
- دانەوەی قیستەکانی بانکی تی بی ئای لە 1-1-2023ـەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ