رووداو دیجیتاڵ
بانکى ناوەندیى عێراق چەند بڕیارێک بۆ بانکە مۆڵەتپێدراوەکان دەردەکات لەبارەى خزمەتگوزارییەکانیان، کە نابێت نرخ و تێچووەکانیان "چەواشەکارانە" بن؛ هەروەها نابێت هیچ هەژمارێکى بانکى، کە پارەى تێدا نەماوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی خاوەنەکەی دابخەن.
بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق، کە لە 8ی کانوونى دووەمى 2025 ئاراستەى سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کراوە، چەند رێنوێنی و بڕیارێکى پێ راگەیاندوون لەبارەى فرۆشتنى دراوەکان و کردنەوەى هەژمارى بانکى.
بانکى ناوەندى رایگەیاندووە، دەبێت نرخەکان بەگوێرەى خشتەى تێچووى چالاکییە بانکییەکان دیاری بکرێت، لە بەرانبەر پێشکێشکردنى خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە، بانکەکان سیاسەتێکى نرخ دانانى، "شایستە و هاندەر" دابنێن بۆ زیادکردنى بەکارهێنانى پارەدانى ئەلیکترۆنى، دوور لە پێشێلکردنى مافى هاوبەشانیان.
بانکى ناوەندیى عێراق داوای لە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کردووە، خشتەى نرخى دراو کرێ و رسوماتى تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانى بۆ هاوبەشەکانیان بخەنەڕوو، کە دەبێت روون و کورت و ئاسان و "بێ چەواشەکارانە" بن، لە ماڵپەڕى بانکەکە و شاشەى نێو بانکەکەش پیشان بدرێن.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە ئەوە بووە، نابێت بانکەکان ئەو مەرجە بەسەر هاوبەشەکانیان بسەپێنن، دەبێت لەکاتى کردنەوەى هەژمارى بانکى پارەى تێدا دابنێت یان تێچوو و رسوماتیان لێ وەربگرێت یان پارەیان لێ ببرێت، بەرانبەر بە کەمکردنەوەى سپاردەى دارایی. بانک دەتوانێت هەژمارى هاوبەشەکانى دابخات، ئەگەر هیچ پارەیەکى تێدا نەمابێت، بەو مەرجەى بەر لە داخستنى بە 60 رۆژ، هاوبەشەکە ئاگادار بکاتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دەبێت سەرجەم بانکەکان خشتەیان هەبێت بۆ نرخ و تێچووى چالاکییە بانکییەکان و ساڵانە بەر لە مانگ کانوونى یەکەم رادەستى بانکى ناوەندیى بکەن، دواتر تیمى پشکنینى بانکى ناوەندى سەردانى ئەو بانکانە دەکات بۆ بەدواداچوونى ئاستى پابەندبوون بە خشتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ