رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم بەشەخۆراکی مانگانە لەم ساڵدا دابەش بکرێت، کە لە شەش مادەی خۆراکی پێکدێت.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 10-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەشکردنی دەیەم بەشەخۆراکی ساڵی رابردوومان بە داتای مانگی 12 لە دوێنێوە دەستپێکردووە و بەردەوامین".
کامەران فەتاح ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی بریکار تەواوی خۆراکەکانی پێدەگات، دابەشکردن دەستپێدەکات، ئەوەش بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان یەک جار سەردانیان بکەن.
بەشەخۆراکی دەیەم بە داتای مانگی 12 دەبێتە یەکەم بەشەخۆراک لە ساڵی 2025 دابەش بکرێت و بۆ هەر کەسێک بریتییە لە: یەک کیلۆ شەکر، سێ کیلۆ برنج، یەک لیتر زەیت، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ لەتکە نۆک و 9 کیلۆ ئارد.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممە 12-01-2025ـەوە ئامادەن بۆ وەرگرتنی پارە لە بریکارەکانی خۆراک بۆ پێدانی بەشەخۆراکی نوێی مانگانە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ