ئەردۆغان بۆ خەڵکی وڵاتەکەی: دۆلاری زیاتر بگۆڕنەوە

09-12-2016
محەممەد ئیسماعیل
نیشانەکردن ئەردۆغان لیرە دۆلار
A+ A-

رووداو - ئیستەنبوڵ

سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی خەڵکی وڵاتەکەی دەکات بۆ بەدەمەوەچوونی داواکارییەکەی بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە لیرە و راشیدەگەیێنێت، ئەوەی کراوە لە ئاستی پێویستدا نییە و داوا دەکات دۆلار زیاتر بگۆڕنەوە.

دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە شاری ئیستەنبوڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی 12-9-2016 لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "بەڕێزەوە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەم کە گەلەکەم لە هەفتەی رابردووەوە ناویەتی بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە لیرە."

ئەردۆغان گوتیشی: "ئەم هەنگاوە وەک پێویست نییە، پێموایە دەبێت گەلەکەم زیاتر هەوڵ بدات." گوتەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدایە سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ رایگەیاندبوو، 41 ملیۆن دۆلار بە لیرەی تورکی گۆڕدراوەتەوە.

دوای دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی بۆرسەی جیهاندا و ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی نێوخۆی تورکیا، بەهای لیرەی تورکی بەجۆرێک دابەزی کە لە مێژوودا هاوشێوەی نییە و ریکۆردی شکاندووە، بەجۆرێك تاوەكو ئێستا بە رێژەی 14% بەهاكەی لەدەستداوە.

پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە وڵاتانی رووسیا و ئێران و چین کردبوو، لەمەودوا مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان بە دراوە نێوخۆییەكانیان ئەنجام بدەن، چونكە ئەو كارە لە قازانجی هەردوو لایەنە.

بازرگانانی تورکیا لە داشکانی بەهای لیرە دەترسن و دەیانەوێت بەر بە زیاتر دابەزینی بگرن. بۆ ئەوەی هانی خەڵک بدەن دۆلارەکانیان بگۆڕن بە لیرە بۆ شکاندنی بەهای دۆلار، بەشێک لە کاسبکارانی ئیستەنبوڵ دیاری دەدەنە ئەو کەسانەی دۆلاریان گۆڕیوەتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە