رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار دوای زیاتر لە 4 ساڵ، نرخی ئیسیریۆم 4 هەزار دۆلاری تێپەڕاند.
ئەمڕۆ شەممە، نرخی ئیسیریۆم، دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵی لەدوای بیتکۆین، 180 دۆلار بەرزبووەوە و بە 4 هەزار و 191 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی ئیسیریۆمە لەدوای 10ـی ئایاری 2021ـەوە.
لە یەک هەفتەی رابردوودا، نرخی ئیسیریۆم نزیکەی 19٪ بەرزبووەتەوە.
تەنیا لە یەک مانگی رابردوودا، نرخی ئیسیریۆم هەزار و 560 دۆلار بەرزبووەتەوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ چەند هەنگاوێکی ستراتیژی لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی دراوە دیجیتاڵییەوەکان دەگەڕێتەوە.
کۆمپانیای ریپڵ، کە خاوەنی سێیەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە لەرووی قەبارەی بازاڕەوە، رایگەیاند کە کۆمپانیای 'رەیڵ' بۆ پارەدانی جیهانی بە دراوە دیجیتاڵییە سەقامگیرەکان [ستەیبڵکۆینەکان].
بەهای گرێبەستەکە 200 ملیۆن دۆلارە و چاوەڕوان دەکرێت لە چارەکی چوارەمی ئەم ساڵدا تەواو ببێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کرد کە هانی بەکارهێنانی وەبەرهێنانی جێگرەوە وەک دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەژمارەکانی خانەنشینیدا دەدات، کە پێشتر تەنیا بۆ پشک و قەواڵە داراییەکان تەرخان کرابوون.
لە فەرمانەکەی ترەمپدا هاتووە: "ئیدارەکەی من ئەو ئاستەنگە یاسایی و رێکخستنانە لادەدات کە رێگرن لەوەی هەژمارەکانی خانەنشینیی کارمەندانی ئەمریکا قازانجی پێویست و فرەچەشنیی سەرمایە بەدەستبهێنن بۆ دابینکردنی خانەنشینییەکی شکۆمەندانە و ئاسوودە."
ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ داهاتووی دراوە دیجیتاڵییەکان لە رووی یاساییەوە لە ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.



