ئابووری
هێڵی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وێستگەیەکی کارەبای کەرکووک، وێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی گرووپی کۆمپانیاکانی پێرڵ پێترۆڵیۆم رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان 260 ملیۆن دۆلار قەرزداری کۆمپانیاکەیانە، تاوەکو ئەو قەرزە نەداتەوە، مافی بەسەر ئەو گازەوە نییە، کە بەرهەمی دەهێنن.
ماڵپەڕی 'ئیراک ئۆیل ریپۆرت'، کە تایبەتە بە هەواڵەکانی تایبەت بە سووتەمەنیی عێراق راپۆرتێکی لەبارەی کێشەی راکێشانی بۆرییەکی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی گازی کارەبای کەرکووک بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکە، تائێستا، نە وەزارەتی نەوتی عێراق و نە هیچ کۆمپانیایەک لە گرووپی پێرڵ، رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەی فرۆشتنی گاز رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسێکی باڵا لە گرووپی کۆمپانیاکانی پێرڵ دەڵێت، "هۆکارێکی سەرەکیی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، دواخستنی زۆری پێدانی شایستە داراییەکانیانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە."
بەرپرسێکی کۆمپانیاکە کە قسەی بۆ ماڵپەڕەکە کردووە، ئاشکرای دەکات، ئێستا 260 ملیۆن دۆلاریان وەکو شایستەی دارایی لە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی "دەتوانین و پێویستیشە گاز بە کەسێک بفرۆشین کە بتوانێت شایستەکانمان بداتێ."
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق، کە لە 5ـی تشرینى دووەمی 2023 بڵاویکردووەتەوە، تیمە هونەرییەکانی کۆمپانیای بۆرییەکانی نەوت، بۆرییەکی بۆ گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە دوو قۆناخ و بەدرێژایی یەک کیلۆمەتر و 50 مەتر راکێشاوە، ئەو هێڵە تواناى هەیە رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە بۆ وێستگەى کارەبای تازە لە کەرکووک بۆ ئەوەى بەرهەمهێنانى کارەبا زیادبکات.
دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانەگاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی کۆندێنسەیت بەكاریهێناوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە کۆبوونەوەی رۆژی 2-10-2023 بە دانەگازمان راگەیاندووە، نابێت بەبێ رەزامەندی ئێمە، گازی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هیچ شوێنێکی ناوخۆ و دەرەوە هەناردە بکەن."
لەبەرامبەردا بەرپرسەکەی پێرڵ هەڵوێستەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە نەگونجاو لەگەڵ بڕگەکانی رێککەوتنی نێوانیان ناودەبات و دەڵێت، "بەشێوەیەکی ئاسایی، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی پەسەندکردنی سەرجەم رێککەوتنەکانی فرۆشتنی [گازی] هەیە، بەڵام یان دەبێت ئەو کارە بکات، یان ئەگەر خۆی پێویستی بە گاز بێت، دەبێت بە هەمان نرخ و مەرجەکان بیکڕێت."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەڵام ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشێلی پێدانی شایستە داراییەکانی کردووە، چونکە 260 ملیۆن دۆلار قەرزاری پێرڵە."
بەرپرسەکەی پێرڵ گوتیشی، "تاوەکو ئەوکاتەی پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا مافی نەماوە بەسەر هەر گازێک کە ئێمە بەرهەمیدەهێنین."
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
13ـی تەممووزى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى نەوت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆر بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى نێوخۆیی ئەو وێستگانە گاز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنن.
دواى ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، عودەى عەواد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى دژى ئەو بڕیارە تۆمارکرد.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
ئێستا ئاستی بەرهەمی کێڵگەی کۆرمۆر 500 ملیۆن پێ سێجا گاز دەبێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 800 ملیۆن پێ سێجایە، واتە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگەیە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆش ناکات.
بەپێی کۆمپانیای دانەگاز مانگی ئایاری داهاتوو رەنگە ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەننە 750 ملیۆن پێ سێجا ئەگەر K250 تەواو ببێت و کێشە داراییەکانی چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ