شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت گەیشتنە بەغدا

08-06-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدا."
 
لە راگەیێندراوەکەیدا ئەمشەو، ئومێد سەباح رایگەیاند ئامانج لە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ بەغدا بەیەکەوە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، ''زیاتر درێژەدانە بە گفتوگۆکان لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، هەروەها دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم."
 
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ پشتڕاستی کردبووەوە (یەکشەممە، 9-6-2024) لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت سێقۆڵی کۆدەبنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لەبارەی ناوەڕۆی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا بکات.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکە موهەنەد خەزرەجی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوتبوو "بەدڵنیایەوە تایبەتە بە کێشەکانی دۆسیەی نەوت، گرێبەستی کۆمپانیاکانی نەوت و پرسی دارایی بواری نەوت و گاز." 
 
خەزرەجی گوتیشی "پشتیوان بەخوا دوای رێککەوتن، هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە. گرێیەکی ریشەیی و ئاڵۆز نییە، دەبێ هەردوولا نەرمی بنوێنن بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە." 
 
دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی نەوت داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد سێقۆڵی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی مافە داراییەکانیان، وەزارەتی نەوتی عێراق هەفتەی رابردوو، ئەرێنی وەڵامی دانەوە.
 
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت رایگەیاندووە "کێشەی سەرەکیی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە؛ وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزە."
 
بەگشتی بەپێی رێککەوتنی نوێی نێوان بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، عێراق لە مانگی 10ـی ئەم ساڵەوە دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی لەسەرخۆ (مانگ بە مانگ) زیادبکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، رۆژانە بیگەیێنێتە 4 ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل.
 
زیادبوونی پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت، دەتوانێت هۆکارێکی گرنگ بێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ ئامادەن گۆڕانکاری لە گرێبەستە نەوتییەکانیاندا بکرێت، بەمەرجێک مافە داراییەکانیان پارێزراو بێت.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە