رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆبوونەوەی سبەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت پشتڕاست دەکاتەوە، ئەندامانی لیژنەی نەوت و گازیش کۆبوونەوەکە "بە گرنگ'' دەزانن.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 08-06-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا نەدا.
بەڵام موهەنەد خەزرەجی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "بەدڵنیایەوە کۆبوونەوەکە تایبەتە بە کێشەکانی دۆسیەی نەوت، گرێبەستی کۆمپانیاکانی نەوت و پرسی دارایی بواری نەوت و گاز."
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەکەیان تاوتوێی کێشە و گرفتی دۆسیەی نەوت و گازی کردووە "لەگەڵ ئاراستەی حکومەتی عێراقە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان."
خەزرەجی دەڵێ "پشتیوان بەخوا دوای رێککەوتن، هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە. گرێیەکی ریشەیی و ئاڵۆز نییە، دەبێ هەردوولا نەرمی بنوێنن بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە."
هەر لەوبارەوە، بەهادین نووری، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان بە رووداوی گوت "ئەو کۆبوونەوانە بۆ گەنگەشەکردنی بیروبۆچوونەکانی تایبەت بە کێشەی نەوت گرنگن، ئەوەش لە بەرژەوەندیی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراقە."
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز، کێشەکان لە چارەسەکردنن، لێکتێگەیشتن هەیە، رەنگە لە رۆژان و مانگەکانی داهاتوودا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. چارەسەرکردنی هەندێک کێشەکان پێویستیان بە دەرکردنی یاسای نەوت و گازە لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی هەمووان شایستەی خۆیان بزانن.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوتی "دانوستاندن و گفتوگۆ لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە، تائێستا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت یەکلانەبووەتەوە. بودجە پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە پێویستە ئەم پرسە یەکلابکرێتەوە و عێراق ئامادەیە."
بەهادین نووری گوتیشی "هەرێمی کوردستان بەبێ ئاگاداریی حکومەتی فیدراڵی، گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە. جیاوازییەکی گەورە لە سرووشتی گرێبەستەکان، نرخی گرێبەستەکان، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت هەیە، بەڵام ئێستا گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردن هەیە و ئاسۆی چارەسەرکردنیان دەرکەوتووە."
بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، کۆمپانیاکانی نەوت تێبینییان لەسەر مەرجێکی حکومەتی عێراق هەیە.
ئەو بەرپرسە، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەتی نەوتی عێراق مەرجێکی بۆ بەشداریی ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا داناوە؛ داوای لێمان کردووە کۆپییەکی گرێبەستەکانمان لە کۆبوونەوەکەدا بخەینەڕوو."
بەگوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئەوان نیگەرانن لەو مەرجە، چونکە وەزارەتی نەوتی عێراق پێشتر سکاڵای لەسەریان تۆمار کردووە، دژی ئەو گرێبەستانەی ئێستا داوایان دەکەن.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی عێراق، یان دەبێت سكاڵا یاساییەکەی دژی گرێبەستەکانمان بکشێنێتەوە یان گەرەنتیی یاسایی بداتە کۆمپانیا نەوتییەکان، دوای ئەوەی گرێبەستەکانمان لە کۆبوونەوەکەدا دەخەینەڕوو."
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو کۆمپانیا نەوتییەکان داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد سێقۆڵی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی مافە داراییەکانیان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت رایگەیاند، "کێشەی سەرەکیی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە؛ وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزە."
کەمال محەممەد گوتیشی، "عێراق ساڵانە چەندین تریلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتی خۆی تەرخان دەکات."
کۆبوونەوەکە دوای ساڵێک و دوو مانگ لە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دێت کە زیانی ملیاران دۆلاری بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان داوە.
بەپێی زانیارییەکان، دوو کێشەی سەرەکی لە بەردەم هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەن، ئەوانیش تێچووی بەرهەمهێنان و شێوازی گرێبەستەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ