رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بەرزبووەوە و بازرگانان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەکەن تاوەکو ئاماژەی نوێیان لەسەر سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستبکەوێت.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ، ئەمڕۆ (سێشەممە، 7-1-2024) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 2638 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا ئۆنسەیەک زێڕ بە 2648 دۆلار دەستاودەست کرا.
یپ جوون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە لە شەوی رابردوودا هەندێ پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکرد، بەڵام بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بەئەگەری زۆرەوە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ سنووردار دەکات."
سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا بەهۆی ئەوەی بازرگانان پێیان وایە سیاسەتەکانی سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، مەترسیی گەورە بۆ رەوتی بازرگانی و ئابووری جیهانی دروستدەکەن.
ئامارەکانی پەیوەست بە ژمارەی هەلەکانی کارکردن لە مانگی 12 لە ئەمریکا و کەرتی پیشەسازی ئەو وڵاتە، کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڵاودەبنەوە، بەئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ