رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە گۆڕی و دوور کەوتەوە لە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 5 هەفتەی رابردوودا.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 29 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 28 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت رۆژی سێشەممە 1 دۆلار دابەزین بۆ کەمترین ئاستی 5 هەفتەی رابردوو.
بازرگانانی نەوت چاویان لە هیندستانە و ئەوەی کە ئایا ئەو وڵاتە هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە کەمدەکاتەوە بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکا.
یوکی تاکاشیما، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نۆمۆرا سیکیوریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەر بێت و هیندستان لە ژێر گوشاری ئەمریکا نەوتی کەمتر لە رووسیاوە هاوردە بکات، ئەو وڵاتە ناچارە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی روو لە کڕینی نەوت لە بازاڕەکانی دیکە بکات و ئەوەش پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستدەکات."
بەپێی تاکاشیما، بەپێچەوانەوە، ئەگەر هیندستان بەردەوام بێت لە کڕینی نەوتی رووسیا، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی نەوت لە نێوان 60 بۆ 70 دۆلار دەمێنێتەوە.
بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس رۆژی یەکشەممە بریاریاندا 547 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر رۆژانە لە مانگی داهاتووەوە بخەنە بازاڕەوە کە بووە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا.



