ئێران و رووسیا سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنییان بەیەکەوە دەبەستنەوە

06-07-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێران و رووسیا رێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی تمەن و رۆبڵ لەنێو خاکی یەکدی لەلایەن هاووڵاتییانی هەردوولاوە.
 
محەممەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئەمڕۆ (شەممە، 06-07-2024) رایگەیاند، رێککەوتنی پێشوو بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە رێگەی کارتی بانکیی "شیتاب"ـی ئێرانی و "میر"ـی رووسی بۆ گواستنەوەی پارەی ئەلیکترۆنی، ئێستا کەوتووەتە کار.
 
فەرزین دەڵێت، ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەی بووە لەگەڵ ئێلڤیرا نابلوێنا، هاوتا رووسییەکەی لە پەراوێزی کۆنفرانسی دارایی بانکی ناوەندیی رووسیا لە سەینت پتەرسبۆرگ.
 
ئەو پارێزگارە دەڵێت، قۆناخی یەکەمی بەیەکەوە بەستنەوەکە لە کۆتایی مانگی ئابدا بە تەواوەتی دەکەوێتە کار.
 
گوتیشی، لەو قۆناخەدا، هاووڵاتییانی ئێران دەتوانن لە تەواوی ئامێرەکانی راکێشانی پارە [ATM] لە رووسیا کارتی شیتاب بەکاربهێنن بۆ راکێشانی رۆبڵی رووسی. "لە قۆناخی دووەمدا گەشتیارانی رووسیا دەتوانن بە هەمانشێوە کارتی بانکیی میر لە ئێران بەکاربهێنن."
 
لە قۆناخی سێیەمیشدا هاووڵاتییانی ئێران رێگەیان پێدەدرێت لە کاتی کڕینی کەلوپەل و پێداویستی، کارتی شیتابی وڵاتەکە بەکاربهێنن بۆ پارەدان، ئەوەش لە رێگەی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی [POS].
 
ئێران و رووسیا هەردووکیان لە ژێر گەمارۆی تووندی رۆژئاوا و ئەمریکان. چەندین جار رەخنەیان لە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی گرتووە کە دۆلاریان وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە بەکارهێناوە.
 
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی 'ئامرازەکەی' ئەمریکاش، وەک خۆیان دەڵێن، برەویان بە بەکارهێنانی تمەن و رۆبڵ لە مامەڵە بازرگانییەکانیان داوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە