رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە نرخی نەوت بە دابەزین کرایەوە و نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 65 دۆلار دابەزی.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 21 سەنت دابەزی و بە 64 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 29 سەنت دابەزی و بە 62 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیادبووەوە و سعودیەش نرخی نەوتی خۆی بۆ رادەستکردنی لە مانگی 7 دابەزاندووە. ئەو دوو هۆکارە بوونە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.
ئاراستەی دابەزینی نرخی نەوت لە دوێنێ چوارشەممە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی داتاکانی پەیوەست بە قەبارەی سووتەمەنیی کۆگاکراو لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە و تێیدا دەرکەوت، قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو هەفتەی رابردوو لە ئەمریکا 5.2 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە 228.3 ملیۆن بەرمیل.
ئۆلی هانسن، شارەزای بازاڕە داراییەکانی سەر بە (ساکسۆ بانک)ـی دانیمارک لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزکردنەوەی پێناسی گومرکیی سەر ئاسن و ئەلەمینیۆم بۆ 50٪ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ئاسۆی ئابووریی جیهانی تەمومژاوی کردووە. ئەوەش کەمبوونەوەی خواست بۆ نرخی نەوتی لێدەکەوێتەوە."

.jpg&w=3840&q=75)

