رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیاندنی پلانێکی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، نرخی نەوت ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕە داراییەکان لەم هەفتەیەدا، زیاتر لە یەک دۆلار بەرزبووەوە.
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دوێنێ (یەکشەممە، 3-11-2024) رایگەیاند پلانی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، کە بڕیاربوو مانگی 12 جێبەجێی بکات، بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی نەوتەوە لەلایەن وڵاتانی دەرەوەی ئەو هاوپەیمانییە، یەک مانگ دوادەخات.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار و 18 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش یەک دۆلار و 20 سەنت بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بڕیاربوو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کە بریتین لە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک لەگەڵ رووسیا و چەندین وڵاتی دەرەوەی رێکخراوەکە، لە مانگی 12ـی ئەمساڵەوە رۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنەڕوو، بەڵام ئێستا پلانەکەیان دواخستووە بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو.
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ING لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان رایانگەیاند، "هەرچەندە دواخستنی یەک مانگی پلانی ئۆپێک پڵەس گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە بنەمای بازاڕی نەوت ناکات، بەڵام لەبەرئەوەی بوار بۆ ئۆپێک پڵەس دەڕەخسێنێت پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی بکات، پاڵپشتیی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە."
ئەو شرۆڤەکارانە روونیدەکەنەوە؛ دواخستنی پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە، بەو مانایەیە بەرهەمهێنەرانی نەوت ئامادەن پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ